رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، کەشتییەکان کە زۆربەیان نەوتیان تێدایە، خەریکە لە تەنگەی هورمزەوە دەست بە جووڵە دەکەن، ئەوەش تەنیا چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنی رێککەوتنێکی مێژوویی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان و کردنەوەی رێڕۆ ستراتیژییەکە.
رۆژی دووشەممە 15-06-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە (ترووس سۆشیاڵ) بڵاویکردەوە: "کەشتییەکان کە زۆربەیان بە نەوت بارکراون، خەریکە لە تەنگەی هورمزەوە دەست بە جووڵە دەکەن. ئەوان بە درێژایی رێگەی سەرەکیی باشوور دەڕۆن، کە بە تەواوی ئارام، پارێزراو و بێگەردە. رێڕۆی دیکەی هاتووچۆش هەن."
ئەم پۆستەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە رۆژی یەکشەممە رایگەیاند: "رێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو. کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن. با نەوت بڕوات."
وادەی واژۆکردنی رێککەوتنەکە
ئەمریکا و پاکستانی نێوەندگیر رایانگەیاند، بڕیارە رێککەوتنەکە رۆژی هەینی لە جنێڤی سویسرا بە فەرمی واژۆ بکرێ. پێش ئەویش، نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەکەن.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، پلانی هەیە بەشداری لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا بکات و ئەگەری هەیە ترەمپیش ئامادە بێت. ڤانس بە فۆکس نیووزی راگەیاند، ئەم رێککەوتنە تێچووی وزە کەم دەکاتەوە و دەبێتە هێزێکی راستەقینەی خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە "کۆتاییەکی دەستبەجێ" بە جەنگەکە دەهێنێت و لە دوو مانگدا گفتوگۆ بۆ "رێککەوتنی کۆتایی" دەکەن.



.jpg&w=3840&q=75)