رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی کۆمپانیای کاپجێمینی فەرەنسی، پار بەهۆی گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکردەوە سامانی ملیۆنێر و ملیاردێرەکانی جیهان 9% زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.
بەپێی راپۆرتی (سامانی جیهانی) کە لەلایەن کۆمپانیای راوێژکاریی (کاپجێمینی) فەرەنسییەوە بڵاوکراوەتەوە، کۆی سامانی ئەو کەسانەی خاوەنی سەرمایەیەکی زۆرن لە جیهاندا، گەیشتووەتە 98.3 تریلیۆن دۆلار.
ئەم بڕە پارەیە نزیکە لە کۆی بەرهەمی نێوخۆیی هەموو وڵاتانی جیهان، کە بەگوێرەی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، ئێستا نزیکەی 118 بۆ 126 تریلیۆن دۆلارە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بووژانەوەی بازاڕی پشکەکان کە بەهۆی گەشبینی بە ژیریی دەستکرد دروست بووە، بزووێنەری سەرەکیی ئەم زیادبوونە بووە. لە ئەنجامدا ژمارەی ملیاردێر و ملیۆنێرەکانی جیهان گەیشتووەتە 25.3 ملیۆن کەس کە دوو ملیۆنیان پار بوون بە ملیۆنێر، ئەمەش زۆرترینە لە مێژوودا.
پێشبینی دەکرێ ئەم گەشەیە ئەم ساڵ خێراتر بێت، بەتایبەت لەگەڵ خستنەڕووی پشکەکانی کۆمپانیاکانی وەک سپەیس ئێکس، ئەنترۆپیک و ئۆپن ئەی ئای. رۆژی 12ی ئەم مانگەش، ئیلۆن مەسک، خاوەنی سپەیس ئێکس و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە بووە یەکەم تریلیۆنەری جیهان.
بەپێی راپۆرتەکە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە و تەنیا پار 736 هەزار کەس تێیدا بوونەتە ملیۆنێر، بەمەش ژمارەی ملیۆنەرەکانی وڵاتەکە گەیشتە 8.7 ملیۆن کەس.
ژمارەی ملیۆنەرەکان لە وڵاتانی ئاسیا و سەر زەریای هێمن بەهۆی زۆریی داواکاری لەسەر نیمچەگەیەنەرەکانەوە 10.5% زیادیکردووە و تێیدا چین و ژاپۆن پێشەنگن.
بە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکە، ژمارەی دەوڵەمەندەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست 1.4% کەمیکردووە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان.
لە ئەورووپاش، ژمارەی ملیۆنێرەکان 6.5% زیادی کردووە، لۆکسەمبۆرگ لەو کیشوەرەدا زۆرترین ملیۆنێری تێدا زیادبووە کە بەراورد بە ساڵی پێشتر 13.5% زیادی کردووە.
راپۆرتەکە دەریدەخات، ئێستا پشکەکان 25%ی سەرمایەی دەوڵەمەندەکان پێکدەهێنن، لە کاتێکدا وەبەرهێنان لە کاڵا و دراوە دیجیتاڵییەکان کەمیکردووە.
وردەکاریی راپۆرتەکە:
گەشەی سامانی جیهانی:
کۆی سامانی دەوڵەمەندەکان: 98.3 تریلیۆن دۆلار (9% زیادیکردووە)
ژمارەی ملیۆنێرەکان: 25.3 ملیۆن کەس (دوو ملیۆن کەس زیادیکردووە)
داتاکان بەپێی ناوچە جوگرافییەکان:
ئاسیا-پسفیک: گەورەترین گەشەی تۆمار کردووە بە رێژەی 10.5%
ئەمریکای باکوور: ژمارەی ملیۆنەرەکان 8.7 ملیۆن کەسە؛ 10% زیادیکردووە
ئەورووپا: ژمارەی ملیۆنێرەکان 6.5% زیادیکردووە
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: تاکە ناوچەیە کە پاشەکشەی کردووە بە رێژەی 1.4% (بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و ئاڵۆزییەکان)
پۆلێنکردنی دەوڵەمەندەکان:
ئەوانەی ئەوانەی سەروو 30 ملیۆن دۆلاریان هەیە، ژمارەیان گەیشتووەتە 250 هەزار کەس و خێراترین گەشەیان هەبووە
دابەشکردنی وەبەرهێنان:
پشکەکان: 25%ی سەرمایەی دەوڵەمەندەکان لە پشکەکاندایە (بەهۆی گەشبینی بە ژیری دەستکرد زیادی کردووە)
نەختینە: وەک سەرچاوەیەکی پارێزراو ماوەتەوە
خانووبەرە و وەبەرهێنانە جێگرەوەکان: وەبەرهێنان لە کاڵا و دراوە دیجیتاڵییەکان کەمی کردووە، بەڵام ویست بۆ وەبەرهێنانی تایبەت رو لە زیادبوونە
هۆکارە سەرەکییەکانی گەشە
بووژانەوەی بازاڕی پشکەکان بەهۆی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد
کەمبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەورووپا و ئەمریکا
بەرزبوونەوەی بەهای پشکەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا و وزە




.jpg&w=3840&q=75)