رووداو دیجیتاڵ
عێراق بۆ خەرجییەکانی مانگی حوزەیران پشت بە داهاتی نەوتی هەناردەکراوی مانگی نیسان دەبەستێت، کە بەراورد بە ماوەى بەر لە جەنگ زیاتر لە 84% دابەزیوە؛ بۆ چارەسەری ئەو کورتهێنانە، دەستبردن بۆ یەدەگی بانکی ناوەندی و فرۆشتنی قەواڵەی دارایی تاوتوێ دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەرقاڵی تاوتوێکردنی چۆنێتیی چارەسەری ئەو کورتهێنانەن کە لە داهاتی نەوت دروستبووە، بەو هۆیەوە ئەگەری هەیە دابەشکردنی مووچە چەند رۆژێک دوابکەوێت.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، بۆ مووچەی مانگی حوزەیران، حکومەتی فیدراڵی پشت بە داهاتی مانگی نیسانی رابردوو دەبەستێت، کە بەراورد بە مانگەکانی بەر لە جەنگ کەم بووەتەوە.
ئامارەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەریخستووە، داهاتی هەناردەی نەوت بۆ مانگی نیسانی رابردوو 1.08 ملیار دۆلار بووە، کە بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی دەکاتە 1.3 تریلیۆن دینار.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی راپۆرتی خەرجی و داهاتی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، بۆ هەر مانگێک عێراق پێویستی بە 9.6 تریلیۆن دینارە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ مانگی حوزەیران داهاتی نەوت کەم دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی داهاتی نەوتی مانگی نیسانی بۆ دەگەڕێتەوە، بۆ چارەسەری ئەو کورتهێنانە چەند رێگەیەک لەبەردەم حکومەتی عێراق هەیە، کە یەکێک لەوانە دەستبردنە بۆ یەدەگی بانکی ناوەندی یان فرۆشتنی قەواڵەی داراییە بۆ ماوەی شەش مانگ یان زیاتر بە سوودێکی بانکی کە لەنێوان 8% بۆ 15% بێت، بۆ ئەوەی دیناری دەستبکەوێت کە بە جۆرێکى دیکەى قەزر ناوى دەبات.
جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە کێشەی بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی تەنگەی هورمز دروست کردووە، کە نزیکەی 90%ی سەرچاوەی داهاتەکەیەتی.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ کە هێشتا جەنگ دەستی پێنەکردبوو، عێراق بە بەهای 6.4 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە، لە کاتێکدا مانگی نیسان داهاتەکەی کەمبووەتەوە بۆ 1.08 ملیار دۆلار، بەوپێیە زیاتر لە 84%ی داهاتی نەوت کەمیکردووە، ئەوەش بەگوێرەى ئەو ئامارانەى کە کۆمپانیاى سۆمۆ رایگەیاندووە.
سەرچاوەکەی رووداو لە بەغدا گوتی، "بەهۆی قەیرانی کەمبوونەوەی داهاتەوە، ئەگەر زۆرە بۆ ماوەی چەند رۆژێک دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە عێراق دوابکەوێت."
مانگانە عێراق پێویستی بە زیاتر لە 7.4 تریلیۆن دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران وخانەنشینان و ئەوانەی هاوکاریی تۆڕی کۆمەڵایەتی وەردەگرن.
جەمال کۆچەر رایگەیاند، یەکێک لەو پرسانەی حکومەتی نوێ بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی تاوتوێی دەکات، ئەوەیە سندووقێک بۆ وەبەرهێنان دابنێت، کە سەرمایەکەی 300 بۆ 600 ملیار دۆلار بێت، بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان جێبەجێ بکرێن و بدرێنە کۆمپانیاکان، بەڵام بە دوو شێواز؛ یان پارەدانی درێژخایەن بێت یان بە شێوەی موساتەحە بێت، کە قازانجی پڕۆژەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بدرێتە کۆمپانیا جێبەجێکارەکان لە برى ئەوەی پارەیان پێ بدرێت.



.jpg&w=3840&q=75)