رووداو - دیجیتاڵ
لە دەشتی نەینەوا، بازگە جیاکەرەوەی هێزە ئەمنییەکان، بوونەتە بەربەست
لەبەردەم جووتیارانی تلسقۆف بۆ گواستنەوەی بەرهەمی گەنمەکەیان. زیاتر لە 30 جووتیار
کە بەرهەمی شەش هەزار دۆنم زەوییان لەو دیوی سنوورەکانی پێشمەرگە و لەژێر کۆنترۆڵی
هێزە عێراقییەکاندا دووریوەتەوە، ئێستا رێگەیان پێنادرێت گەنمەکەیان بهێننەوە ناو
تلسقۆف.
سەباح میخا، جووتیارێکی تلسقۆفە لە قەزای تلکێف، 400 دۆنم گەنمی چاندووە؛ 250
دۆنمیان لەو سنوورەیە کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدایە و دروێنەی
کردووە، بەڵام 150 دۆنمەکەی دیکەی لەو دیو بازگەکەیە و لەژێر کۆنترۆڵی حەشدی
شەعبی و هێزە عێراقییەکانە. هەرچەندە دروێنەی کردووە، بەڵام رێگەی پێنادرێت
گەنمەکە بهێنێتەوە بەری خۆیان.
سەباح میخا دەڵێت: "زیاتر لە 30 جووتیار رووبەری چێندراویان هەیە و تاوەکو ئێستاش
خەریکی دروێنەن، بەڵام رێگرییان لێدەکرێت بۆ گەیاندنی بەرهەمەکانیان بە
ماڵەکانیان لە تلسقۆف."
بەپێی خەمڵاندنەکان، شەش هەزار دۆنم گەنمی جووتیاران لەو دیوی بازگەکەیە کە
بەرهەمەکەی بە زیاتر لە پێنج هەزار تۆن دەخەمڵێندرێت. ئەم بڕە زۆرەی گەنم
ئێستا لەبەر تیشکی خۆر و لەژێر مەترسیی لەنێوچووندایە ئەگەر بەپەلە رێگەی
تێپەڕبوونیان پێنەدرێت.
دکتۆر ئەحمەد دوبەردانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا،
هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەستپێکردووە و بڕیارە تاوەکو دوو رۆژی دیکە
نووسراوی فەرمی بگاتە بازگەکان بۆ دەربازکردنی گەنمەکە.
دکتۆر ئەحمەد دوبەردانی ئاماژە بەوە دەکات: "بەپەلە نووسراومان بۆ وەزارەتی
کشتوکاڵی عێراق کردووە تاوەکو پلانمان بداتێ و بتوانین بەپەلە ئەو گەنمە
دەرباز بکەین بۆ سایلۆی فلفێل لە مووسڵ."
گەنمەکەی تلسقۆف لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی وەردەگیرێت، بەڵام بەربەستی سەرەکی
لەبەردەم جووتیاران رێکارە ئەمنییە توندەکانە. هێزە ئەمنییەکان دەڵێن ئەمساڵ
رێکارەکانی گواستنەوەی گەنم لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە یان لە
ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەوە توندتر کراون و هیچ بڕە گەنمێک بێ نووسراوی
فەرمی رێگەی دەربازبوونی پێنادرێت.


