رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەهۆی ئەگەری گەڕانەوەی هەناردەی نەوتی ئێران و کرانەوەی تەنگەی هورمز بەردەوامە لە دابەزین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-06-2026، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی یەک دۆلاری دیکە دابەزی و بە 78 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش زیاتر لە یەک دۆلاری دیکەی دابەزی و بەرمیلێکی بە 75 دۆلار و 67 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێ.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی ئەمریکا رۆژی سێشەممە بە رێژەی 5% دابەزین، بەهۆی گەشبینی بە رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا و کرانەوەی تەنگەی هورمز و گەڕانەوەی نەوتی ئێران.
نرخەکانی نەوت ئێستا لە کەمترین ئاستی خۆیان لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا مامەڵەیان پێوەدەکرێت.
هیرۆیۆکی کیکوکاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (نیسان سیکیوریتی) لەو بارەیەوە دەڵێت، "نرخەکانی نەوت بەهۆی رێککەوتنەکە و گەشبینیی بازرگانان دابەزیون، بەڵام وردەکاریی رێککەوتنەکە ناڕوونەوە و ئەگەری هەیە دابەزینەکانی نرخی نەوت بەردەوام نەبێت."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە نرخی نەوت بە ناجێگیری دەمێننەوە و بە مەودای 10 دۆلار بەرزتر یان کەمتر لە ئاستەکانی ئێستا مامەلەیان پێوەدەکرێت.




