رووداو دیجیتاڵ بەگوێرەی نوێترین ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، لە مانگی ئایاری 2026دا کەرتی خانووبەرەی ئەو وڵاتە سستییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و رێژەی فرۆشتنی خانوو و شوێنی بازرگانی بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. دەستەی ئاماری تورکیا (TÜİK) داتاکانی فرۆشتنی خانووبەرەی بۆ مانگی ئایار بڵاوکردەوە، کە تێیدا کاریگەریی تووندی سیاسەتی دارایی و بەرزیی تێچووی سوودی بانکی بەسەر بازاڕەکەوە دیارە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە فرۆشتنی خانووی نوێ (دەستی یەکەم) بە رێژەی 27.9% دابەزیوە و تەنیا 30 هەزار و 196 خانوو فرۆشراون. پاشەکشەکە لە خانووە کۆنەکاندا (دەستی دوو) توندتر بووە، کە بە رێژەی 32.7% کەمیکردووە و 63 هەزار و 137 خانوو فرۆشراون. هەروەها فرۆشتنی خانوو بە شێوازی قەرزی بانکی (رەهن) بە رێژەی 2.8% کەمیکردووە و تەنیا 19 هەزار و 754 خانوو بەو شێوەیە فرۆشراون، ئەوەش بەهۆی ئەو مەرجە توندانەی بانکەکان بۆ پێدانی قەرز پەیڕەوی دەکەن. کڕیارانی بیانی 27% پاشەکشەیان کردووە داواکاریی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ کڕینی خانوو لە تورکیا بە رێژەی 27٪ دابەزیوە و لە مانگی ئایاردا تەنیا هەزار و 387 خانوو بە بیانییەکان فرۆشراون. لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین خانوویان لە تورکیا کڕیوە، رووسەکان بە پلەی یەکەم دێن، دوای ئەوانیش ئێرانی و ئۆکراینییەکان دێن: 1. رووسیا: 268 خانوو 2. ئێران: 125 خانوو 3. ئۆکراینا: 88 خانوو هاوشێوەی یەکەکانی نیشتەجێبوون، شوێنی بازرگانی و کارکردنیش رووبەڕووی دابەزین بوونەتەوە. فرۆشتنی شوێنی کاری نوێ 24.8% و شوێنی کاری کۆن 33.1٪ دابەزیوە. بەڵام بە پێچەوانەی رەوتی گشتی، فرۆشتنی شوێنی کار بە قەرزی بانکی 22.9% زیادی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی خاوەنکاران بۆ کڕینی شوێنی کار زیاتر پشتیان بە قەرزی بانکی بەستووە. شارەزایانی ئابووری ئەم دابەزینە تووندە بۆ ئەو سیاسەتە داراییە دەگەڕێننەوە کە بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2023ـەوە پەیڕەوی دەکات. بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، تێچووی کڕینی خانووی لە رێگەی بانکەوە گران کردووە، ئەمەش وایکردووە هەم هاووڵاتیانی نێوخۆیی و هەم کڕیارانی بیانی لە کڕینی خانووبەرە سڵبکەنەوە و یەکێک لە گرنگترین کەرتە ئابوورییەکانی تورکیا تووشی سستی ببێت.