رووداو دیجیتاڵ
بانکی نێودەوڵەتیی HSBC دەستی بە رێکارەکانی کەمکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی بەشی بەڕێوەبردنی سامانی لە بەریتانیا کردووە؛ ئەم هەنگاوەش راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە پشتبەستنی بانکەکە بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە داراییەکاندا.
رۆژی چوارشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2026، گوتەبێژێکی بانکی HSBC بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئێستا لە قۆناخی راوێژ و پێداچوونەوەداین بۆ کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی کار."
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز بڵاویکردەوە، بانکەکە پلانێکی بەرفراوانی داناوە بۆ کەمکردنەوەی پۆستە کارگێڕییەکان و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ راپەڕاندنی مامەڵەی کڕیارە دەوڵەمەندەکانی.
نەمانی 70٪ـی راوێژکارانی دارایی
بەپێی زانیارییەکانی فاینانشاڵ تایمز لەسەر زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە، چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی نیوەی پۆستە بەڕێوەبەرییەکانی ئەو بەشە بە تەواوی نەمێنن، لە کاتێکدا کەمکردنەوەی ژمارەی راوێژکارانی دارایی لە بانکەکەدا دەگاتە نزیکەی 70٪.
هەرچەندە بانکی HSBC ژمارەی فەرمیی ئەو کارمەندانەی ئاشکرا نەکردووە کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، بەڵام مەزەندە دەکرێت سەتان بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راوێژکاری دارایی لەو بەشەدا کار بکەن.
"ژیریی دەستکرد شێوازی کارکردن دەگۆڕێت"
جۆرج ئێلهێدێری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی HSBC پێشتر رایگەیاندبوو، ژیریی دەستکرد یارمەتیی بانکەکە دەدات خزمەتگوزارییەکان خێراتر بکات؛ ئەو گوتبووی: "بێگومان کاریگەری لەسەر هەندێک دەرفەتی کار دادەنێت، هەندێکیان دەگۆڕێت و رۆڵ و کاری نوێش دەهێنێتە کایەوە."
گوتەبێژی بانکەکە رایگەیاند، HSBC بەردەوام دەبێت لە پێشخستنی کەرتی دیجیتاڵی، تاوەکو بە شێوازێکی مۆدێرن و کەمترین تێچوو وەڵامی پێداویستییە داراییەکانی کڕیارەکانی لە بەریتانیا و جیهاندا بداتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
