رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوا لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەکات، پێش دەستپێکردنی وەرزی سەرما، نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە هەمان نرخی فەرمیی عێراق دابین بکات، کە بڕەکەی زیاتر لە 268 ملیۆن لیترە بۆ زیاتر لە 1 ملیۆن و 343 هەزار خێزان.
بەپێی نووسراوێک، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، نووسراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ئاراستەی نووسینگەی وەزیری نەوتی عێراق کردووەو داوای کردووە رێکاری پێویست بگرنەبەر، بەهۆی ئەوەی کە "سرووشتی ناوچەکە بە جۆرێکە سەرما و بارانبارین زووتر لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەستپێدەکات."
کەمال محەممەدساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، لە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕی نەوتی پێویست بۆ دابینکردنی 200 لیتر نەوت (یەک بەرمیل) بۆ هەر خێزانێک لە هەرێمی کوردستان، بریتییە (268 ملیۆن و 710 هەزار و 600 لیتر) بۆ وەرزی زستان.
بەپێی ئەو خشتەیەی کە لە نووسراوەکەدا هاتووە، کۆی گشتیی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان 1,343,553 خێزانە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بووە:
پارێزگای هەولێر 503,553 خێزانی هەیە و بڕی 100,710,600 لیتر نەوتی پێویستە.
پارێزگای سلێمانی 519,000 خێزانی هەیە و پێداویستییەکەی 103,800,000 لیترە.
هەروەها پارێزگای دهۆک 290,000 خێزانی هەیە و پێویستی بە 58,000,000 لیترە.
پارێزگای هەڵەبجەش 31,000 خێزان لەخۆدەگرێت کە پشکەکەی بریتییە لە 6,200,000 لیتر نەوتی سپی.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان جەختی کردووەتەوە، داواکارن رەزامەندی بدرێت بە "ناردنی نەوت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمان ئەو نرخەی، کە لە بەشەکانی دیکەی عێراق پێش وەرزی زستان پەیڕەو دەکرێت."

.webp&w=3840&q=75)

