رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا گەیشتبووە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی نزیکەی شەش مانگی رابردوودا. هەرچەندە بەردەوامی هێرشەکانی سەر سعودیە هێشتا نیگەرانییەکانی لەبارەی خستنەڕووی وزە بە بەرزی هێشتووەتەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2.12 دۆلار یان بەڕێژەی 1.82% دابەزی بۆ 114.60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 2.14 دۆلار یان بەڕێژەی 2.07% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 101.13 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی هەینی رابردوو، نرخەکانی نەوت بە بەرزبوونەوەی نزیکەی سێ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داخرابوون دوای ئەوەی هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە ترسی پەککەوتنی خستنەڕووی وزەی دروستکرد. بەوەش نەوتی برێنت هەفتەکەی بە بەرزبوونەوەی 6% و نەوتی تەکساسیش بە بەرزبوونەوەی 2.3% کۆتایی پێهێنابوو.
لە پشووی کۆتایی هەفتەشدا هێرشەکان بەردەوام بوون. حووسییەکان رایانگەیاند رۆژی شەممە هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانە و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، لە بەرامبەردا سعودیە رۆژی یەکشەممە رایگەیاند کە ژمارەیەکی زیاتری مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێکشکاندووە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزیرانی وزەی سعودیە و سەنگاپوورە رایانگەیاند، کە ریاز لە نیوەی دووەمی ساڵی 2027ـەوە دەست دەکات بە کۆگاکردنی نەوتی خاو لە سەنگاپوورە، بە مەبەستی پتەوکردنی زنجیرەی دابینکردنی نەوتی خۆی لە بازاڕەکانی ئاسیادا.
لە ئەمریکاش، وەزارەتی وزە بڵاویکردەوە کە رەزامەندیی لەسەر بەکارهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیژیی نەوت (SPR) دەربڕیوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی نەوت کە لە پاڵاوگەکانی ئەمریکا رووبەڕووی کێشە کردووەتەوە.



