رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لە بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ کەمێک بەرزبووەوە، دوای ئەوەی گەیشتە نزیکەی 4017 دۆلار، گەڕایەوە سنووری 4010 دۆلار و ئێستاش لەنزیک 4000 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێ. هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بە کەمتر لە 4000 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و کۆی ئەو هەفتەیە بە دابەزینی 4٪ بەڕێکرد.
بازرگانان و وەبەرهێنەران ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لەسەر هەڵاوسان و سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن.
رۆژی هەینی، ئەم کانزا زەردە بۆ یەکەمجار لەدوای نێوەڕاستی مانگی تەممووزەوە بۆ خوار ئاستی دەروونی 4,000 دۆلار دابەزی.
هۆکاری سەرەکیی دابەزینەکانی ئەم دواییەی زێڕ، هەڵکشانی نرخی نەوت بوو بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. نەوتی خاوی برێنت لە هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 6.2% بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاستی داخرانی هەفتانەی بوو لە نێوەڕاستی 2022ـەوە.
بەرزبوونەوەی تێچووی وزە مەترسیی ئەوە دروست دەکات کە گوشارەکانی هەڵاوسان درێژە بکێشن و دەستی بانکە ناوەندییەکان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود ببەستن. هەرچەندە لەڕووی مێژووییەوە زێڕ وەک پەناگەیەک بۆ خۆپاراستن لە هەڵاوسان و نادڵنیایی جیۆپۆلەتیکی سەیر دەکرێت، بەڵام بەرزمانەوەی رێژەی سوود تێچووی سەرنجڕاکێشی ئەو کانزایە کەم دەکاتەوە.
وەبەرهێنەران پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی 27 و 28ـی ئەم مانگەدا رێژەی سوود وەک خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام چاوی بازاڕ لەسەر پەیامی بەرپرسانی بانکەکەیە لەبارەی ئاسۆی کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەم. بەگوێرەی پێوەری (فێد وۆچ)ـی سەر بە گرووپی CME، بازاڕەکان ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی کانوونی یەکەمدا بە نزیکەی 78% دەخەمڵێنن.
ئامارە نوێیەکانی هەڵاوسانی بەکاربەر و بەرهەمهێنەر لە ئەمریکا زیاتر بوون لەوەی پێشبینی دەکرا، ئەوەش ئەو نیگەرانییانەی بەهێزتر کرد کە گوشاری نرخەکان بەردەوام دەبێت. هاوکات بڕیارە رۆژی 29ـی تشرینی یەکەم، پێنوێنی خەرجییەکانی بەکاربردنی کەسی (PCE) لە ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە کە پێوەرە پەسندکراوەکەی بانکی ناوەندییە بۆ هەڵسەنگاندنی هەڵاوسان.



