رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی چەندین بەروبوومی کشتوکاڵی لەڕێگەی دەروازەی سنووریی شەلامچەوە بڵاوکراونەتەوە.
قوسەی حەتتاب، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی ژمارەیەک بەرهەمی کشتوکاڵی لە مەرزی شەلامچەوە بڵاوکراونەتەوە بە تەواوی رەتدەکاتەوە، وەزارەتمان هیچ نووسراوێکی لەو شێوەیەی دەرنەکردووە و داوای لەو جۆرەشی نەکردووە."
گوتەبێژی وەزارەت روونیکردەوە، سەرجەم ئەو سەوزە و میوانەی دەنگۆی قەدەخەکردنیان بڵاوکرابووەوە ئێستا هاوردە دەکرێن، جگە لە چوار بەرهەم نەبێت کە لە چوارچێوەی "قەدەخەی گۆڕاو"دان و بریتین لە شووتی، کاڵەک، ترێ و کوولەکە.
سیستمی "قەدەخەی گۆڕاو" لە عێراق بەشێکە لە رۆژژمێری کشتوکاڵی کە وەزارەت پێڕەوی دەکات، بەپێی ئەم میکانیزمە، لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی نێوخۆ و پڕبوونەوەی بازاڕ، هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە بە شێوەیەکی کاتی سنووردار یان قەدەخە دەکرێت بۆ ئەوەی جووتیاران تووشی زیان نەبن، بەڵام لە کاتی کەمبوونەوەیان لە بازاڕدا، دەروازەکان بۆ هاوردەکردنیان دەکرێنەوە.
.avif&w=3840&q=75)


