رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی راگەیاند؛ بەپێی خشتەکەش پرۆسەکە چوار رۆژ دەخایەنێت.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی 8ـی تشرینی دووەمی 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، دابەشکردنی مووچە لە ماوەی چوار رۆژدا تەواو دەکرێت و "رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆتایی بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دێت."
بەیانیی ئەمڕۆ بەغدا رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تەواو کرد، زیاتر لە 834 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
رۆژی 22-10-2026، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوولی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد.
پێشتر بەپێی خشتەی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، رۆژی 11-10-2026 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول کرا و پرۆسەکە تاوەکو 14ـی تشرینی یەکەم بەردەوام بوو.

.jpg&w=3840&q=75)