رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتی دارایی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـی عێراق دەریخستووە، کورتهێنانی بودجەی وڵاتەکە گەیشتووەتە 36.26 ترلیۆن دینار؛ هۆکاری سەرەکیش بۆ کەمبوونەوەی زیاتر لە نیوەی داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە، لەکاتێکدا 96٪ـی کۆی خەرجییەکان تەنیا بۆ خەرجیی بەکارخستن (مووچە و بەڕێوەبردن) بووە.
بەپێی راپۆرتی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2026، عێراق 89.08 ترلیۆن دیناری خەرجکردووە، لە بەرامبەردا کۆی داهاتەکانی تەنیا 52.82 ترلیۆن دینار بووە، بەمەش داهاتی دەوڵەت تەنیا توانیویەتی 59٪ـی خەرجییەکان پڕبکاتەوە.
خەرجییەکان: مووچە 87٪ـی کۆی داهات دەبات
لە کۆی 89 ترلیۆن دینار خەرجی، 85.68 ترلیۆن دیناری (96.2٪) بۆ خەرجیی بەکارخستن (جاری) بووە و بەشی وەبەرهێنان تەنیا 3.40 ترلیۆن دینار بووە (3.8٪).
گەورەترین بڕگەی خەرجییەکان بریتی بووە لە:
مووچەی فەرمانبەران: 46.13 ترلیۆن دینار (کە بەتەنیا دەکاتە 87.3٪ـی کۆی داهاتی دەوڵەت).
چاودێریی کۆمەڵایەتی: 20.57 ترلیۆن دینار.
خزمەتگوزاری و دانەوەی سوودی قەرزەکان: 7.95 ترلیۆن دینار (بە رێژەی 84٪ بەراورد بە پار زیادی کردووە).
لەسەر ئاستی وەزارەتەکان، وەزارەتی دارایی زۆرترین خەرجیی هەبووە بە 22.27 ترلیۆن دینار، دوای ئەو وەزارەتی ناوخۆ بە 9.97 ترلیۆن و پەروەردە بە 8.30 ترلیۆن و بەرگری بە 6.23 ترلیۆن دینار دێن.
داهاتەکان: دابەزینی بەرچاوی نەوت
لە ماوەی نۆ مانگدا، داهاتی عێراق 52.82 ترلیۆن دینار بووە.
داهاتی نەوت: 40.20 ترلیۆن دینار (76٪ـی کۆی داهات).
داهاتی نانەوتی: 12.62 ترلیۆن دینار (24٪ـی کۆی داهات).
بەراورد بە پار دۆخی دارایی عێراق بە تەواوی رووی لە پاشەکشە کردووە؛ کۆی داهات 42.5٪ دابەزیوە (لە 91.85 ترلیۆنەوە بۆ 52.82 ترلیۆن)، کە هۆکاری سەرەکی دابەزینی داهاتی نەوت بووە بە رێژەی 50.8٪ (لە 81.75 ترلیۆنەوە بۆ 40.20 ترلیۆن دینار)، لە بەرامبەردا کورتهێنانی دارایی لە 8.13 ترلیۆنەوە بۆ سەرووی 36 ترلیۆن دینار هەڵکشاوە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی و داهات
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 9.43 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە (10.6٪ـی کۆی خەرجیی فیدراڵی)، کە سەرجەمی بۆ بودجەی بەکارخستن بووە (6.90 ترلیۆن بۆ مووچە و 2.52 ترلیۆن بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی)، بەبێ ئەوەی هیچ پشکێکی لە بودجەی وەبەرهێنان پێدرابێت. ئەم بڕەش بەراورد بە پار 1.10 ترلیۆن دینار زیادی کردووە.
هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ئەیلوول، 933 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی رادەستی گەنجینەی فیدراڵ کردووە؛ ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی پار (679 ملیار دینار)، بە رێژەی 37.4٪ زیادی کردووە و 7.4٪ـی کۆی داهاتی نانەوتیی تەواوی عێراق پێکدەهێنێت.

.jpg&w=3840&q=75)