رووداو دیجیتاڵ
دامەزراندنی کارگەی زۆم لە هەرێمی کوردستان کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمی شیری لە گوندەکان چارەسەر کردووە؛ پرۆژەکە لە رێگەی 28 بنکەوە رۆژانە تاوەکو 40 هەزار لیتر شیر لە ئاژەڵداران وەردەگرێت و جگە لە رەخساندنی 400 هەلی کاری راستەوخۆ، بووەتە سەرچاوەی داهاتێکی جێگیر بۆ زیاتر لە 3,300 خێزانی گوندنشین.
کامەران هادی، ئاژەڵدارێکە کە سەرەتا تەنیا بە یەک مانگا دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا خاوەنی زیاتر لە 20 مانگایە و رۆژانە نزیکەی 200 لیتر شیری تازە رادەستی بنکەکانی کارگەی زۆم دەکات. ئەو دەڵێت: «گەورەترین خەمی من ساخکردنەوەی بەرهەمەکانمان بوو لە بازاڕ، شیرەکە لەسەر دەستمان دەمایەوە، بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی کارگەی زۆم کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەممان نەماوە». ئێستا فرۆشتنی شیر بووەتە سەرچاوەی بژێویی سەرەکی بۆ کامەران و سێ خێزانی دیکە لە گوندەکەیاندا.
کارگەی زۆم بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و کارئاسانیی زیاتر بۆ ئاژەڵداران، لە رێگەی 28 بنکەوە لە گوندەکانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک شیری فرێش وەردەگرێت. پرۆسەی وەرگرتنی شیرەکەش بەپێی توانای بەرهەمی ئاژەڵداران و وەرزەکان دەگۆڕێت؛ بە جۆرێک لە وەرزی بەهاردا کە بەرهەم دەگاتە لوتکە، رۆژانە زیاتر لە 40 هەزار لیتر شیر لە ئاژەڵداران وەردەگیرێت.
ئیسپات عەبدوڵرەحمان، ئاژەڵدارێکی دیکەی ناوچەکەیە و باس لە سوودی پرۆژەکە دەکات و دەڵێت: «پێشتر ئێمە تەنیا ئاژەڵمان بەخێو دەکرد و هیچ داهاتێکمان لێیەوە دەست نەدەکەوت، تەنیا ماندووبوونەکەی بۆ ئێمە بوو، بەڵام لەگەڵ کەوتنەکاری کارگەی زۆم، ئێمە بۆ خۆمان بووینەتە خاوەن داهاتی خۆمان».
لە رووی بەرهەمهێنانەوە، کارگەی زۆم بە 82 جۆر و قەبارەی جیاواز بەرهەمی شیرەمەنی دەخاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە. سروشتیبوونی بەرهەمەکان و بەکارنەهێنانی هیچ ماددەیەکی پارێزەر وایکردووە، لەسەر رەفەی مارکێتەکان رکابەریی بەرهەمە هاوردەکراوەکان بکات و کڕیاران بەرهەمی ناوخۆیی هەڵبژێرن.
بەڵێن شاکر، کە کڕیارێکی بەرهەمەکانی زۆمە، دەڵێت: «دایکم ماست دروست دەکات، بەڵام ئەم ماستە لە هی دایکیشم خۆشترە، ماستاوەکەیان هەر دەرەجە یەکە». هاوکات سەروان هۆشیار کە فرۆشیارە، ئاماژە بەوە دەکات: «بەرهەمەکانی زۆم فرۆشیان زۆر زۆر باشە، هەر چۆن دادەنێین خێرا لە ماوەیەکی کەمدا تەواو دەبن».
بەپێی پلانی کارگەکە، لە قۆناغی داهاتوودا تۆڕی وەرگرتنی شیر فراوانتر دەکرێت تاوەکو سەرجەم ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند بن، هاوکات کار بۆ ئەوە دەکرێت بەرهەمەکان رەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش بکرێن.


