رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی بەڕێوەبردنى هاوبەشى بۆ کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان هەیە کە بە گوتەى ئەندامێکى پەرلەمان دەیەوێت نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ بنێرێتە کێڵگەکان بۆ زانینی ئاستی بەرهەمهێنانی راستەقینە و بۆ ئەوەش دانوستاندن لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات.
ئەو پرسە لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق تاوتوێ کراوە کە رۆژی چوارشەممە 4ی تشرینی دووەم بە میوانداریی باسم عەبادی، وەزیری نەوت و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو وەزارەتە کراوە.
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی لیژنەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری نەوت باسی لە "ئامانج و پلانی وەزارەتەکەی کردووە لەبارەی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و قەبارەی بەرهەم و خستنەڕووی پلانی بەڕێوەبردنی هاوبەش بۆ رێگری لە بەقاچاخبردن و دیاریکردنی بڕی بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەت بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی.
ئومێد بەرواری، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و پلاندانان و کارنامەی حکومی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "پلانەکەی وەزارەتی نەوت وایە کە کارمەندی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دابنێت بۆ زانینی قەبارەی راستەقینەی بەرهەمهێنان و بڕی هەناردە و ئەوەی بۆ ناوخۆ بەکاردەهێنرێت، تاوەکو ژمارەیەک بەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێنرێت کە دروست نییە."
لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2027 هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بەوەی کە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بفرۆشێت، لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی کەمترە لەو بڕە.
ئومێد بەرواری رایگەیاند، وەزارەتی نەوت بۆ ئەو پلانەی، دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، رادەستکردنی نەوتە، کە بەگوێرەی رێکارێک کە تێیدا خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانیش دیاریکراوە.




