کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

کێڵگەیەکی نەوت لە سنووری پارێزگای دهۆک

کێڵگەیەکی نەوت لە سنووری پارێزگای دهۆک

ئابووری

کۆمپانیای شاماران: بەرهەمهێنانی رۆژانەی کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسنگ بۆ 52 هەزار بەرمیل بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

رووداو دیجیتاڵ

10-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
رووداو دیجیتاڵ
رووداو دیجیتاڵ10-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

کشتوکاڵی کرماشان: بەرهەمی زەعفەرانی پارێزگاکە دەگاتە زیاتر لە 8 تۆن
ئابووری10-11-2026

کشتوکاڵی کرماشان: بەرهەمی زەعفەرانی پارێزگاکە دەگاتە زیاتر لە 8 تۆن

بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی: 12 ساڵە بەغدا جگە لە پارەی مووچە، یەک دینار نانێرێت
ئابووری10-11-2026

بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی: 12 ساڵە بەغدا جگە لە پارەی مووچە، یەک دینار نانێرێت

جارێکی دیکە بەهای دینار دابەزی؛ 100 دۆلار 169 هەزار دیناری تێپەڕاند
ئابووری10-11-2026

جارێکی دیکە بەهای دینار دابەزی؛ 100 دۆلار 169 هەزار دیناری تێپەڕاند


رووداو - هەولێر

کۆمپانیای شاماران پیترۆڵیۆم، کە پشکی لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەترووش و سەرسنگ لە هەرێمی کوردستان هەیە، رۆژی 9ی تشرینی دووەمی 2026 ئەنجامە دارایی و کارپێکردنەکانی چارەکی سێیەم و 9 مانگی یەکەمی 2026ی بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو راپۆرتە، بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لە هەردوو کێڵگەکە دوای راگرتنێکی چەند مانگە بەهۆی جەنگی ئێران دەستی پێکردووەتەوە و، بەرهەمی رۆژانەیان بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 52 هەزار بەرمیل. 


بەپێی کۆمپانیاکە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری هەرێمی کوردستان - تورکیاوە بە شێوەیەکی بەردەوام زیادی کردووە. داهاتی کۆمپانیاکە لە چارەکی سێیەمدا گەیشتە 84.6 ملیۆن دۆلار، کە 193% زیاترە لە 28.9 ملیۆن دۆلاری هەمان چارەکی ساڵی 2025. لە ماوەی 9 مانگی یەکەمی 2026دا، کۆی داهاتەکەی گەیشتە 140.4 ملیۆن دۆلار، بەراورد بە 100.2 ملیۆن دۆلار لە هەمان ماوەی 2025.

بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان دوای شەڕ و هێرشی درۆن

بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لە کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسنگ لە نێوەڕاستی ئابی 2026 دەستیپێکردەوە. ئەم کێڵگانە لە مانگی ئاداری 2026ەوە بەهۆی دۆخی ئەمنی ناوچەکە راگیرابوون و، کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش لە هەمان ماوەدا بەرهەمهێنانیان راگرتبوو.

لە چارەکی سێیەمدا، تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی گشتیی هەردوو کێڵگەکە 32 هەزار بەرمیل بوو، کە 33% کەمترە لە 47.6 هەزار بەرمیلی هەمان چارەکی 2025. ئەم کەمبوونەوەیە بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنان بوو بۆ ماوەی 28 رۆژ. لە چارەکی دووەمی 2026دا، کاتێک کێڵگەکان بەهۆی جەنگەوە راگیرابوون، بەرهەمی رۆژانە تەنها 1.9 هەزار بەرمیل بوو، بەڵام ئێستا بەرهەمی هەردوو کێڵگەکە گەیشتووەتە نزیکەی 52 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

بەرهەمی کێڵگەی ئەترووش لە چارەکی سێیەمدا 26.6 هەزار بەرمیل بوو و ئێستا نزیکەی 40 هەزار بەرمیلە. لەو ماوەیەی چارەکەکەدا کە کێڵگەکە راگیرابوو نەبوو، ئەترووش نزیکەی 41.5 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرهەم دەهێنا. بەرهەمی سەرسنگ 5.4 هەزار بەرمیل بوو و ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 12 هەزار بەرمیل. بەرهەمی سەرسنگ لەگەڵ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی لە چارەکی یەکەمی 2026دا لە هێرشی درۆنەکان کەوتبوون، بەرەبەرە زیادی کردووە.

پشکی رۆژانەی شاماران، کە پشکی 50%ی لە ئەترووش و 18%ی لە سەرسنگ هەیە، لە چارەکی سێیەمدا 14.3 هەزار بەرمیل بوو و ئێستا نزیکەی 22.2 هەزار بەرمیلە. کۆمپانیاکە بۆ ماوەی ساڵی 2026 پلانی هەیە بەرهەمی سەرسنگ زیاتر بەرز بکاتەوە، بیرە وەستاوەکان بخاتەوە کار و لە هەردوو بلۆکەکەدا تەکنەلۆژیای دۆزینەوەی درۆن دابمەزرێنێت.

لە چارەکی سێیەمی 2026دا داهات سێ هێندە و قازانج چوار هێندە بووە

گەرێت سۆدن، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شاماران گوتی، ئەنجامەکانی ئەم چارەکە توانای قازانجکردنی سەرمایەکانی کۆمپانیاکە لە ژینگەی ئێستای نرخی نەوتدا نیشان دەدەن. ئاماژەی بەوەشدا کرد داهاتی پێش لێبڕینی سوود، باج، داشکان و خەرجییەکانی گەڕان (EBITDAX) زیاتر لە چوار هێندەی هەمان چارەکی 2025 بووە، "سەرەڕای لەدەستدانی بەرهەمی یەک مانگ بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنان بەهۆی جەنگی ئێرانەوە".

کۆمپانیاکە زیادبوونی داهات و قازانجەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان و فرۆشتنی نەوت بە نرخی جیهانی لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان - تورکیاوە. لە بەرامبەردا، لە زۆربەی چارەکی سێیەمی 2025 نەوتەکە لە بازاڕی ناوخۆ دەفرۆشرا. تێکڕای نرخی پاکی هەر بەرمیلێک نەوتی هەردوو بلۆکەکە لەم چارەکەدا بە خەمڵاندن 107.23 دۆلار بوو، کە 208% زیاترە لە 34.76 دۆلاری هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.

پەراوێزی قازانجی گشتی لە فرۆشتنی نەوت لە چارەکی سێیەمدا گەیشتە 69.6 ملیۆن دۆلار، کە 648% زیاترە لە 9.3 ملیۆن دۆلاری چارەکی سێیەمی 2025. EBITDAXی راستکراوەش گەیشتە 76 ملیۆن دۆلار، بە زیادبوونی 325% بەراورد بە 17.9 ملیۆن دۆلاری هەمان ماوەی ساڵی رابردوو. پوختەی پارەی نەختی لە چالاکییە کارپێکراوەکان 12.9 ملیۆن دۆلار بوو، بە زیادبوونی 119%. کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات ئەم بڕە لە چارەکەکانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە، چونکە بەشێکی زۆری داهاتی فرۆشی چارەکەکە و پارەدانە تەواوکارییەکان دوای کۆتایی چارەکی سێیەم وەردەگیرێن.

رێککەوتنی سێقۆڵی و پارەدانە تەواوکارییەکان

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری هەرێمی کوردستان - تورکیاوە لە 27ی ئەیلوولی 2025ەوە دەستی پێکردەوە و بەپێی رێککەوتنی سێقۆڵیی کاتی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق و چەند کۆمپانیایەکی نەوتی نێودەوڵەتی بەردەوامە. ئەو رێککەوتنە تا 27ی کانوونی دووەمی 2027 درێژکراوەتەوە، و چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنێکی درێژخایەن واژۆ بکرێت دوای ئەوەی کۆمپانیایەکی راوێژکاری نێودەوڵەتی پسوولەکانی کۆمپانیاکان لەگەڵ گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمدا بەراورد دەکات.

لە 15ی تشرینی یەکەمدا، شاماران راگەیاند کە پارەدانە تەواوکارییەکان دەستیان پێکردووە، دوای ئەوەی سۆمۆ لە بەرنامەی بارکردنی مانگی تشرینی یەکەمدا بارهەڵگری نەوتی زیادەی بۆ کۆمپانیاکان دیاری کرد. ئەمە بۆ قەرەبووکردنەوەیانە بە نرخی تەواوی نێودەوڵەتی بۆ ئەو بڕە پارانەی لە فرۆشی هەناردەی نێوان ئەیلوول و کانوونی یەکەمی 2025دا کەڵەکە ببوون. کۆمپانیاکە لە دوای کۆتایی چارەکی سێیەمەوە 26.7 ملیۆن دۆلاری لە داهاتی فرۆشی نەوت و پارەدانە تەواوکارییەکان وەرگرتووە.

حەمرین، تێکەڵبوون و بۆندی نوێ

شاماران لە 20ی تشرینی یەکەمدا هاوکارییەکەی لەگەڵ کۆمپانیای HKN Energy فراوانتر کرد و چووە ناو کێڵگەی حەمرین لە عێراقی فیدراڵ. بەپێی ئەم رێککەوتنە، شاماران خاوەنی 25%ی پشکەکانی کۆمپانیای HKN Hamrin Ltd دەبێت، کە 100%ی گرێبەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی کێڵگەکەی هەیە. مامەڵەکە لە 9ی تشرینی دووەمدا تەواو بوو.

هەر لە هەمان رۆژدا، شاماران رێککەوتنی تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پیترۆڵیۆم واژۆ کرد، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە گەڵف کیستۆن وەک قەوارە یاساییەکە دەمێنێتەوە. پێشبینی دەکرێت مامەڵەکە لە ناوەڕاستی 2027دا تەواو ببێت.

لە 21ی تشرینی یەکەمیشدا، کۆمپانیاکە بۆندێکی نوێی بە بەهای 200 ملیۆن دۆلار و ماوەی پێنج ساڵ دەرکرد، کە لە 2031 کۆتایی دێت و رێژەی سوودی ساڵانەی 10.25%ە. داهاتی ئەم بۆندە بۆ دووبارە داراییکردنەوەی بۆندە کۆنەکەی کۆمپانیاکە بەکاردێت، کە لە 2029 کۆتایی دەهات و رێژەی سوودەکەی 12% بوو، هەروەها بۆ داراییکردنی وەبەرهێنان لە کێڵگەی حەمرین. تا 9ی تشرینی دووەمی 2026، شاماران 69.2 ملیۆن دۆلار پارەی نەختی و 200 ملیۆن دۆلار قەرزی هەبوو، و قەرزی پاکی 130.8 ملیۆن دۆلار بوو.

 

بابەتی پەیوەندیدار

کشتوکاڵی کرماشان: بەرهەمی زەعفەرانی پارێزگاکە دەگاتە زیاتر لە 8 تۆن
ئابووری10-11-2026

کشتوکاڵی کرماشان: بەرهەمی زەعفەرانی پارێزگاکە دەگاتە زیاتر لە 8 تۆن

بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی: 12 ساڵە بەغدا جگە لە پارەی مووچە، یەک دینار نانێرێت
ئابووری10-11-2026

بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی: 12 ساڵە بەغدا جگە لە پارەی مووچە، یەک دینار نانێرێت

جارێکی دیکە بەهای دینار دابەزی؛ 100 دۆلار 169 هەزار دیناری تێپەڕاند
ئابووری10-11-2026

جارێکی دیکە بەهای دینار دابەزی؛ 100 دۆلار 169 هەزار دیناری تێپەڕاند

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە