رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە مامەڵەکانی رۆژی پێشوودا بۆ نزمترین ئاستی دوو مانگی رابردوو دابەزیبوو، لە کاتێکدا بازاڕ لە نێوان هیوای هێوربوونەوەی جەنگی ئێران و نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشەکانی سەر کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا لە هەڵبەز و دابەزدایە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت ئەمڕۆ چوارشەممە 71 سەنت یان بە رێژەی 0.78% بەرزبووەوە، هەر بەرمیلێکی بە 92.20 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 49 سەنت، یان بە رێژەی 0.57% بەرزبووەوە و گەیشتە 86.53 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
داتاکانی پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک دەریانخستووە، لە مانگی تشرینی یەکەمدا 37 کەشتی لە تەنگەی هورمز و رێڕەوە ئاوییەکانی دەوروبەری کراونەتە ئامانج؛ ئەمەش بەرزترین ژمارەی مانگانەیە لەدوای هەڵگیرسانی جەنگەوە. هاوکات لە مانگی تشرینی دووەمیشدا تاوەکو ئێستا 10 هێرش تۆمارکراون.
رۆژی یەکشەممە کەشتییەکی نەوتهەڵگری کۆمپانیای (Navig8) لە نزیک کەناراوەکانی عومان ئاگری گرت، کە یەکێک بوو لەو سێ کەشتییەی بە گوتەی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران لە رێڕەوی رێپێنەدراوەوە بە تەنگەکەدا تێپەڕیبوون. رۆژی سێشەممەش دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) هێرشکردنە سەر کەشتییەکی دیکەی لە باکووری رۆژهەڵاتی عومان پشتڕاستکردەوە. هاوکات هێزی دەریایی سوپای پاسدارانیش رایگەیاند، دوو کەشتی بەهۆی بەرکەوتنیان بە مین لە تەنگەی هورمزدا ئاگریان گرتووە.
شیکاریکارانی گرووپی بۆرسەی لەندەن (LSEG) لە یاداشتێکدا رایانگەیاند، "تەنانەت ئەگەر رێککەوتنێکیش لەنێوان واشنتن و تاراندا بکرێت، زیادبوونی هاتووچۆی نەوت لە رێگەی ئەم رێڕەوە ئاوییەوە بەندە بە پاککردنەوەی مینە دەریاییەکان، تێچووی بیمە و ئامادەیی خاوەن کەشتییەکان بۆ ئەو مەترسییانەی رووبەڕوویان دەبنەوە. لە هەمان کاتیشدا هێرشەکان بەردەوامن و کەم نەبوونەتەوە."
لە مامەڵەکانی رۆژی پێشوودا، سەرەتا نرخی نەوت زیاتر لە سێ دۆلار دابەزی، پاش ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا ئەگەری هێرشی سەربازیی زیاتریان بۆ سەر ئێران بەدوور زانی، بەڵام دواتر بەشێک لە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە دوای ئەوەی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئێران بوونی هەر دانوستاندنێکی لەنێوان هەردوولادا رەتکردەوە. هاوکات بەپێی داتاکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکی (API)، کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوودا بە بڕی 9 ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە.
لە رووسیاش، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرایناوە توانای پاڵاوتنی نەوتی ئەو وڵاتە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمەوە بە رێژەی نزیکەی 30% کەمی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی رووسیا و ئۆکراینا رۆژی سێشەممە لە ئەبوزەبی یەکەمین گفتوگۆی ئاشتییان لە دوای مانگی شوباتەوە ئەنجامدا، ئەمەش دوای ئەوە هات کە نێردەکانی دۆناڵد ترەمپ هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگ دەستپێکردووەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


