رووداو - تەندروستی
لە قیرغیزستان پڕۆژەیەک هەیە بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی حکومەت جەستەیان رێک بێت و قەڵەو نەبن. ئایزاراتبێک لەنێو ئەو 10 فەرمانبەرەی حکومەتە، کە بەشداریی پڕۆژەیەکی وەرزشە سیانییەکانیان کردووە.
ئامانجەکە ئەوەیە، ئامادەبن لە پڕۆژەیەکی ئارەزوومەندانەی حکومەتی وڵاتەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوی، بەتایبەت لەنێو ئەو فەرمانبەرانەی زۆرینەی رۆژەکانیان بە دانیشتنەوە بەسەر دەبەن.
ئایزاراتبێک ئیسینۆڤ، بەشداربووی وەرزشە سیانییەکانی حکومەتی قیرغیزستان دەڵێت، ''من فەرمانبەرێکی حکومەتم. بە شێوەیەکی بنەڕەتی تەواوی رۆژەکە بە دانیشتنەوە لەسەر مێزەکانمان بەسەر دەبەین. ئێمە دەبێت لە بەیانییەوە تاوەکو شەو لەبەردەم کۆمپیوتەر دابنیشین. بەهۆی کارەکەمەوە وازم لە وەرزش هێنا. بەهۆی ئەم رۆتینەوە زیاتر خۆراکی تەندروست دەخۆم و کێشیشم دابەزیوە''.
نزیکەی حەوت ملیۆن و 400 هەزار کەس لە قیرغیزستان دەژین؛ چارەکێکی خەڵکەکە قەڵەون یان کێشیان زیادە. حکومەتی وڵاتەکە پلانی هەیە، ساڵانە 28 بۆ 30 ملیۆن دۆلار بۆ هاندانی خەڵک بەرەو وەرزش تەرخان بکات.
ئیلینا پۆڵچینکۆڤا، سەرۆکی فیدراسیۆنی وەرزشە سیانییەکان لە قیرغیزستان دەڵێ، ''بەرزی دەنرخێنین کە سیاسەت و تێڕوانینی حکومەت وەکو هی ئێمەیە لەوەی کە ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەران دەبێت وەرزش بکەن. ئەوان خزمەتێکی زۆر بە وڵات دەکەن. بۆچی نابێت وڵاتیش لەبەرامبەردا شتێکیان بۆ بکاتەوە''.
زۆرجار رێژەکانی قەڵەوی لەنێو فەرمانبەرانی حکومەت و کەرتی تایبەتدا 30٪ بۆ 50٪ـە. کە هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتنی زۆر و کەمجووڵەیی.



