رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی دەرخستووە، بەکارهێنانی ئاوی سارد دوای وەرزشکردن، هیچ سوودێکی زیاتری نییە بۆ گەڕانەوەی هێزی ماسولکەکان، بە بەراورد بە بەکارهێنانی ئاوی گەرم یان پشوودانی ئاسایی.
توێژینەوەکە، کە لەلایەن زانکۆی "ئیست لەندەن"ـەوە ئەنجامدراوە، کاریگەریی رێگە جیاوازەکانی چارەسەری گەرمی و ساردی لەسەر چاکبوونەوەی ماسولکەکان بەئامانجگرتووە دەرکەوتووە، هەرچەندە رێکارە گەرمییەکان کاریگەرییان لەسەر هەندێک نیشانەی فیزیۆلۆژیی پەیوەست بە چاکبوونەوەی ماسولکەکان هەبووە، بەڵام نە گەرمی و نە ساردی، هیچ کامیان نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی باشتر هێزی ماسولکەکان لە ماوەی 72 کاژێردا بگەڕێننەوە.
لە توێژینەوەکەدا، 40 کەسی پێگەیشتووی تەندروست و چالاکی جەستەیی بەشدارییان کردووە و کە وەرزشیی چڕیان ئەنجامداوە، بەشداربووان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆ یەکێک لە چوار گرووپی چاکبوونەوە دابەشکران:
* مانەوە بۆ ماوەی 30 خولەک لەنێو ئاوی گەرم لە پلەی 42 سیلیزی.
* مانەوە بۆ ماوەی 15 خولەک لەنێو ئاوی سارد لە پلەی 9 سیلیزی.
* بەرکەوتنی هەوای گەرم بۆ ماوەی 30 خولەک لە پلەی 30 سیلیزی.
* پشوودانی ئاسایی لە پلەی گەرمیی ژووردا.
توێژەرانی زانکۆ بەریتانییەکە بۆیان دەرکەوت، ئەو بەشداربووانەی چارەسەری گەرمییان وەرگرتبوو، زیادبوونێکیان لە پرۆتینێکی تایبەت بە ناوی (HSP72) هەبوو کە پەیوەستە بە پرۆسەکانی پاراستن و چاککردنەوەی ماسولکەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم گۆڕانکارییە فیزیۆلۆژییانە نەبوونە هۆی باشتربوونی بەرچاوی هێزی ماسولکەکان یان کەمبوونەوەی ئازار لە ماوەی 72 کاژێری چاکبوونەوەدا.



