رووداو - تەندروستی
سەنتەری پزیشکیی بایۆ بە ئەنجامدانی سەتان پشکنینی بێ بەرامبەر بۆ خانمانی بەشداربوو لە کەمپینی 'شەرم مەکە'ـی تۆڕی میدیایی رووداو یەکێکە لە بەشداربووەکانی هەڵمەتی هۆشیاریی تەندروستی لەبارەی شێرپەنجە.
بەڵقیس عومەر، نوێنەرێکی سەنتەری پزیشکیی بایۆ لە کەمپینی شەرم مەکە بە رووداوی راگەیاند، خانمان پێویستە لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەک لە مەمکیان، بێ دوودڵی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ و نەخۆشخانە بکەن.
ئەوەشی باس کرد کە خانمان هۆشیاریی تەندروستی لەنێو خۆیاندا بڵاو بکەنەوە.
کەمپینی شەرم مەکە چییە؟ خانمان چۆن پشکنینی خۆڕایی مەمک بکەن؟
لە مانگی ئۆکتۆبەردا، کە لە جیهاندا بە مانگی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە، دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵمەتێکی گەورەی بە ناونیشانی ''شەرم مەکە'' راگەیاند. ئامانجەکەی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی مەمک و ئەنجامدانی هەشت هەزار مەمۆگرام بەخۆڕایی.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی، یەکێتییەکانی ئافرەتان و ژنان، یەکە کارگێڕییەکانی ئەو شوێنانەی کە سەرمەشقی هەڵمەتەکەن ئەنجام دەدرێت. وەزارەتی تەندروستی، سەنتەرێکی ئەمریکی بۆ پزیشکی و پەرستاری و چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت، دوو کلینیکی پزیشکیی گەڕۆک کە نوێترین ئامێری سۆنەر و مەمۆگرامی لەنێو دانراوە بە تەواوی تیمی پزیشکییەوە، بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر سەردانی هەریەک لە (کۆیە، شەقڵاوە، رواندز، ئامێدی، کەرکووک، پێنجوێن، کەلار و ئاکرێ) دەکرێت.
لە بەشی دووەمی کەمپینەکە دێسکی تەندروستیی رووداو بۆ هەر پارێزگەیەکی هەرێمی کوردستان 1000 پشکنینی مەمۆگرام لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر بە خۆڕایی ئەنجام دەدات، واتە چوار هەزار پشکنین بە خۆڕایی لەکاتێکدا نرخی پشکنینەکە لە کەرتی تایبەتدا لەنێوانی 50 بۆ 100 هەزار دینارە.
ئەمە بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت فۆڕمی ناوتۆمارکردن راگەیێنرا بۆ ناونووسینی ئەو خانمانەی دەیانەوێت لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتیەکاندا پشکنینی خۆڕایی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن.
ئەو شوێنانە کوێن کە خانمان دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەتوانن پشکنینی خۆڕایی مەمکی تێدا بکەن؟
ئەو فۆڕمەی پڕی دەکەیتەوە بەپێی ئەو شارەی لێی دادەنیشیت ئەم شوێنانەی تێدایە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی پشکنینی مەمک بکرێت؛
- لە هەولێر (نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری، بنکەی تەندروستیی نازدار بامەڕنی و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئینگلیزی، سەنتەری میدیا و سەنتەری بایۆ).
- لە سلێمانی (نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی تایبەتیی ئاسیا و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئەنوەر شێخە).
- لە دهۆک (نەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی تایبەتیی شریان).
- لە هەڵەبجە (سەنتەری هەرس، جگەر و نەخۆشییەکانی مەمک).


