رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا دەریدەخات، نەخواردنی دەرمانی بەرزەپەستانی خوێن لە کاتی خۆیدا، ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک بەرزدەکاتەوە.
د. چیانچیان یانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ، دەڵێت:بەپێی شیکارییەک کە بۆ زیاتر لە 90 هەزار کەس کراوە، ئەو نەخۆشانەی بە بەردەوامی دەرمانەکانیان خواردووە، روودانی جەڵتەی دڵ و خوێنبەرەکانیان بە رێژەی 11٪ کەمی کردووە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە بەشداربووان بەسەر دوو گرووپدا دابەشکرابوون: ئەوانەی لانیکەم 80%ی دەرمانەکانیان خواردبوو (پابەندبوونی بەرز) و ئەوانەی کەمتر لە 80%یان خواردبوو (پابەندبوونی نزم).
ئەنجامەکان دەریخست:
لە گرووپی پابەندبوونی بەرزدا، پەستانی خوێنی سیستۆلیک 5.2 میلیمەتر جیوە (mmHg) کەمی کردبوو.
لە گرووپی پابەندبوونی نزمدا، پەستانی خوێن تەنیا 3.0 میلیمەتر جیوە کەمی کردبوو.
ئەو نەخۆشانەی بە رێکوپێکی دەرمانەکانیان خواردبوو، ئەگەری جەڵتەی دڵ بە رێژەی 11٪ کەمتر بوو.
لە گرووپی پابەندبوونی نزمدا، هیچ کەمبوونەوەیەکی ئاماریی بەرچاو بەدینەکرا.
بەپێی توێژینەوەکە، نزیکەی 1.4 ملیار کەسی پێگەیشتوو لە جیهاندا لەنێوان تەمەنی 30 بۆ 79 ساڵیدا تووشی بەرزیی پەستانی خوێن بوون، کە هۆکارێکی سەرەکیی نەخۆشی و مردنە.


.png&w=3840&q=75)
