رووداو - تەندروستی
راپۆرتێکی نێوخۆیی کە لە عێراقدا کراوە ئاشكرای دەکات، لەکۆی 18 پارێزگای عێراق کە بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستانیشی تێدابووە، 12٪ـی خەڵک دڵەڕاوکێی تووندیان هەبووە و 20.4٪ـیش خەمۆکی تووند.
ئامارەکانی ئەو راپرسییە روونی دەکەنەوە، ددڵەڕاوکێ و خەمۆکی لەنێو هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان کەمترە بەراورد بە هاووڵاتییانی عێراق، بەڵام رێژەکەش جیاوازییەکی گەورەی نییە.
ئەو راپرسییە لەسەر زیاتر لە سێ هەزار کەس کراوە و ئەوە ئاشکرا دەکات کە خەڵکانی ناوەند و باشووری عێراق زۆرترین ئەوانەن کە بە دەست دڵەڕاوکێ و خەمۆکییەوە دەناڵێنن.
تەنانەت بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ کە بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک و کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئەنجامدراوە؛ دەکرێت لەڕێگەی بەرنامەیەکی راهێنانی درێژخایەنەوە، کارمەندانی ناپسپۆڕ ببنە پاڵپشتیکارێکی دەروونی گرنگ بۆ ئەو ناوچانەی دوورەدەستن لە پسپۆڕی دەروونی.
تێکۆشەر ئارام، توێژەر و چارەسەرکاری دەروونی بە رووداوی راگەیاند، دەکرێت سوود لەمە وەربگیردرێت بۆ زیادکردنی هێزی کاری دەروونی کە جێگرەوەیەکی خێرا و بەسوودە بە تێچوویەکی کەم بە بەراورد بە خوێندنی ئەکادیمی و کردنەوەی بەشی تایبەت، کە رەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت.
تێکۆشەر ئارام ئەو رێگەیە بە باشتر و خێراتر دادەنێت بۆ زیادکردنی کەسانی شارەزا لە بواری راوێژی دەروونی لە کەمپ و پەناگەکاندا یاخود بۆ شوێنە دوورە دەستەکان تاوەکو ئەوانیش لە رێنوێنیی دەرووندروستی بێبەش نەبن.
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییە دەروونییەکان زۆرە
گەنجانی تەمەن 18 بۆ 35 ساڵ.
ئەوانەی لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە.
خانمان.
بەساڵاچووان.
ئەوانەی کێشەی جەستەییان هەیە بەتایبەت پەککەوتەیی.
هەژاران.
.png&w=3840&q=75)


