رووداو - تەندروستی
کاڵیی مەزن، ئەفسانەی زۆرانبازیی WWE لە نوێترین دەرکەوتنیدا لەلایەن کامێراکانەوە وێنەی گیرا و بەشداری لە چەند ئاهەنگێکی کولتووری لە هیندستان کرد، ئەمەش چەندین ڤیدیۆ و وێنەی نوێی ئەو ئەستێرەیەی زیاتر خستە بەرچاوی خەڵک.
لە مانگی پێنجی ئەم ساڵدا بۆ سێیەمین جار سوونیل کومار کە ناسراوە بە (کاڵیی زەبەلاح) یاخود (کاڵیی مەزن) نەشتەرگەریی دەرهێنانی گرێیەکی ناشێرپەنجەیی بۆ کرا لە هیندستان. ئەو گرێیە لە ژێرمێشکەڕژێنیدا بووە.
''کاڵیی زەبەلاح'' ئێستا 54 ساڵە و باڵای دوو مەتر و 16 سانتیمەترە و کێشیشی نزیکەی 200 کیلۆگرامە، بە رەچەڵەک هیندییە و دوای ئەوە زیاتر ناسرا کە بەشداریی زۆرانبازیی WWEـی ئەمریکی کردووە و یەکێک بووە لە کەسایەتییە بەهێز، سەرنجڕاکێش و بەتواناکان. لە ساڵی 2014ـەوە وازی لە WWE هێناوە و ئەکادیمیای (CWE) لە هیندستان بەڕێوەدەبات بۆ راهێنانکردن بە بەهرە نوێیەکان و ناوبەناو ئاماژەی بەوە کردووە کە تەنیا بۆ دەرکەوتنێکی کورت وەک رۆیاڵ رەمبڵ دەگەڕێتەوە نێو گۆڕەپانی زۆرانبازیی WWE.
لە ساڵی 2021دا نەشتەرگەری لابردنی گرێی ژێرمێشکەڕژێنی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە گەشەکردنی زیاتر و زیاتر دەردانی هۆڕمۆنی گەشە بکرێت. ئاژانسی تەندروستی لە زۆرانبازیی WWE لەبارەی دۆخی ئەو پیاوەوە ئاشکرای کردووە، ئەو دۆخێکی هەبووە بە ناوی نەخۆشیی ''زەبەلاحی'' یان acromegaly.
نەخۆشییەکەی چییە؟
بەگوێرەی مایۆکلینیک، نەخۆشیی ''زەبەلاحی'' یان acromegaly واتە زیاددەردانی هۆڕمۆنی گەشە، ئەم گۆڕانە لە رووی باڵا بەرزییەوە زۆر بەرچاوە، زیاتر لە کوڕاندا هەیە و ئەوە کاتێک روودەدات کە منداڵ ژێرمێشکەڕژێنی هۆڕمۆنی گەشەی زۆر دروستدەکات، زوو دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشیە گرنگە و چارەسەرکردنی خێرا دەتوانێت ئەو گۆڕانکارییانە بوەستێنێت یان خاو بکاتەوە کە لەوانەیە ببێتە هۆی گەورەبوون و درێژیی باڵا بەڵام دوای تەمەنی پێگەیشتن دەردەکەوێت لەگەڵیشیدا پەلەکانی زیاد لە قەبارەی ئاسایی گەشە دەکەن.
ئەم نەخۆشییە دەگمەنە هۆکارەکانی زیاتر بەهۆی دروستبوونی گرێیە لە ژێرمێشکەڕژێن یاخود گۆڕانکاری و ناڕێکی لە دروستبوونی ژێرمێشکەڕژێن. تەنانەت تێکچوونی بۆماوەیی لە جینەکانیش دەکرێت هۆکار بێت بۆ ئەمە.
ئەم نەخۆشییە چارەسەرییەکەی ئاسانە، بەڵام مەرجەکەی ئەوەیە کە زوو دەستنیشان بکرێت ئەمەش بە تێبینیکردنی نیشانەکانی لەماوەی منداڵیدا وەکو؛
- نێوچەوانێکی زۆر دیار و شەویلگەیەکی دەرپەڕیو.
- کەلێن لەنێوان ددانەکاندا.
- ئەستووربوونی ئێسکەکانی رووخسار.
- دەست و پێی گەورە لەگەڵ پەنجەی ئەستوور.
- گەورەبوونی ئەندامە ناوەکییەکان، بەتایبەتی دڵ.
- ئارەقەکردنەوەی زیاد لە پێویست.
- دووبینی یان کێشە لە بینینی لاتەنیشتەکان.
- سەرئێشە.
- ئازاری جومگە.
- دواکەوتنی باڵخبوون.
- ناڕێکیی سووڕی مانگانە.
- کێشەی خەوتن، وەک وەستانی کاتیی هەناسەدان لەکاتی خەودا.
- لاوازیی ماسوولکە.
رۆژانە چی دەخوات؟
لە چاوپێکەوتنێکدا کاڵی ئەوەی ئاشكرا کردووە، بەیانیان 24 هێلکە دەخوات (زۆربەیان تەنیا سپێنەکەی)، لە نیوەڕوانیش چوار مریشک لەگەڵ برنج و پاقلەمەنییەکان. لەنێو ژەمەکانیشدا میوەکانی وەکو (سێو، هەرمێ و هەنجیر) دەخوات و بایەخیش بە خواردنی شیر و خۆراکە دێرینەکانی هیندستان دەدات.



