رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ لە هەولێر کۆڕبەندی تەندروستیی فەرەنسا-کوردستان بەڕێوەچوو. وەزیری تەندروستی جەختی لە هاوبەشیی نێوان حکومەتی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ باشترکردنی سیستمی تەندروستی، چونکە بەپێی کۆتا رانکینگی WHO، فەرەنسا باشترین سیستمی تەندروستی لە جیهاندا هەیە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێککەوتن لەگەڵ فەرەنسا واژۆ دەکەین بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێکی باشی کەرتی تەندروستیمان، چونکە باشترین سیستمی تەندروستی لە جیهاندا هەیە.
د. سامان بەرزنجی دەڵێت: ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو دەرمانی زۆر هەن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هەندێک دەرمان کورتییان تێدەکەوێت، هەروەها ئەوەش باس دەکات کە دەیانەوێت بودجەی دەرمان لەسەر حاکیمە بێت بۆ ئەوەی 100٪ بڕی دەرمان دابینبکرێت.
باسی ئەوەش دەکات ''ئەگەر دامەزراندن هەبێت، خۆبەخشەکان لە پێشینە دەبن، چونکە خاوەنی ئەزموونن''.
لە کۆتاییدا هۆشداری دایە هاونیشتمانییان کە باوەڕ بە رێکلامەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ کڕینی دەرمان بە ئۆنڵاین نەکەن.
کۆنسووڵی فەرەنسا لەبارەی ئەم رێککەوتنەوە رایدەگەیێنێت، ئەمە کارێکی نایابە بۆ هاوبەشیکردنی زیاتری نێوان کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە هەرێمی کوردستان و پاشانیش باشترکردنی سیستمی تەندروستی بە پڕۆژە جیاوازەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.

