رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەک لە فینلەندا ئاماژە بەوەدەکات، تەنیا 30 خولەک مانەوە لەنێو ساونا دەبێتە هۆی زیادبوونێکی کاتی لە ژمارەی خڕۆکە سپییەکانی خوێندا، ئەمەش یارمەتی کۆئەندامی بەرگری دەدات بۆ پشکنینی جەستە و دۆزینەوەی هەر هەڕەشەیەکی تەندروستی.
توێژەرانی زانکۆی تورکو لە فینلەندا بۆیان دەرکەوتووە، 30 خولەک مانەوە لە ساونا، لەگەڵ خۆشۆردنێکی خێرا بە ئاوی سارد، دەبێتە هۆی زیادبوونی خڕۆکە سپییەکانی خوێن. ئەم خانانە کە بەشێکی سەرەکیی کۆئەندامی بەرگرین، یارمەتی ناسینەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن و مەترسییەکانی دیکە دەدەن.
ئیلکا هینۆنن، توێژەری ئەکادیمی لە زانکۆی تورکو، رایگەیاند، "چوونە ساونا وادەکات خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە شانەکانەوە بجوڵێن بۆ نێو خوێن. ئەم جوڵەیە سوودی هەیە، چونکە کاتێک خانەکان شوێنی خۆیان بەجێدەهێڵن، باشتر دەتوانن جەستە بپشکنن و وەڵامی نەخۆشییەکان بدەنەوە."
توێژەرانی زانکۆ فینلەندییەکە ئاماژە بەوەدەکەن ئەم پڕۆسەیە بە "چاودێریی بەرگری" ناسراوە و کاریگەرییەکەی هاوشێوەی ئەو کاریگەرییەیە کە لە کاتی وەرزشکردندا روودەدات، کاتێک خانەکانی بەرگری بۆ ماوەیەکی کاتی لەنێو خوێندا زیاد دەکەن.


