رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا لە چەندین وڵاتی ئەورووپیدا فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە کەسانی خوار 16 ساڵ قەدەخەیە، لە ئەڵمانیا دەنگی لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان یەکدەخرێت بۆ ئەوەی فرۆشتنی ئەو خواردنەوانە بە مێردمنداڵان سنووردار بکرێت و لانیکەم تەمەنی رێگەپێدراو بۆ 16 ساڵ دیاری بکرێت.
سەرجەم جۆرەکانی خواردنەوە لە وڵاتانی جیهان بەپێی یاسا و رێسای تایبەت بۆ بەکارهێنەران ڕێکخراون، لە نێویاندا لە چەندین وڵاتی وەک لیتوانیا، پۆڵەندا، ئیسپانیا و بەریتانیا، فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە کەسانی خوار تەمەن 16 ساڵ بە تەواوی قەدەخە کراوە. لە ئەڵمانیاش پارتی دەسەڵاتدار، لەگەڵ بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان، لەگەڵ ئەوەدان پێناسەیەکی یاسایی روون بۆ ئەم جۆرە خواردنەوانە دابنرێت و فرۆشتنیان سنووردار بکرێت.
مارکۆ شمیتس، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن لەوبارەیەوە دەڵێت: "بە بڕوای من لە هەمووی ئاسانتر ئەوەیە سەرەتا پێناسەی خواردنەوەی وزەبەخش بکرێت تاوەکو بزانرێت چ پێکهاتەیەکی تێدایە و کام لە پێکهاتەکانی هاوشێوەی کحول کاریگەرییان هەیە. پێویستە قەدەخەی فرۆشتنی بخرێتەسەر، یاخود تەمەنێکی دیاریکراو و سنووردار هەبێت بۆ ئەوەی تەنیا بە کەسانی سەروو 16 ساڵ بفرۆشرێت."
هەروەها تۆڕستن کلوتە، پەرلەمانتارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەردەبڕێت و ئاماژە بەوە دەکات: "من هاوڕام لەگەڵ ئەو راسپاردەیەی ئەنجوومەنی نیشتمانی لە ساڵی 2024دا ئاراستەی پەرلەمانی ئەڵمانیای کرد، بۆ ئەوەی یاسایەک دەربکرێت و فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە گەنجانی خوار 16 ساڵ قەدەخە بکرێت، چونکە چەندین نموونە هەن کە سەلماندوویانە ئەم خواردنەوانە زیانی تەندروستییان بە منداڵان گەیاندووە."
هاوکات داگمار هانسس، لە پەرلەمانی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات لە مەترسیی ریکلامی کۆمپانیاکان و دەڵێت: "خواردنەوە وزەبەخشەکان لەلایەن گەنجانەوە زۆر بەکاردەهێنرێن، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانیش بە ئەنقەست کەسانی ناپێگەیشتوو دەکەنە ئامانج. خواردنەوەی وزەبەخش وەکو شەربەتی لیمۆ نییە، بەڵکو مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر گەنجان، بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری کافاینی تێدایە."
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوە مەدەنییەکان و داکۆکیکارانی مافی بەکارهێنەران لە ئەڵمانیا زیاتر لە دەیەیەکە کار بۆ دیاریکردنی سنووری تەمەن دەکەن. لەوبارەیەوە رێبێکا زیگمان، بەرپرسی هەڵمەتەکان لە رێکخراوی "فودوۆچ" (Foodwatch) لە ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت:
"ئێمە زیاتر لە 10 ساڵە کار بۆ سنووردارکردنی تەمەن دەکەین. بە بڕوای ئێمە تەمەنی 18 ساڵی گونجاوترینە کە مرۆڤ خۆی بڕیار لەسەر کڕینی بدات، بۆ ئەمەش پشتیوانییەکی زۆری جەماوەریمان هەیە و 90٪ـی خەڵکی ئەڵمانیا لەگەڵ دیاریکردنی تەمەندان. گەیشتووینەتە کۆدەنگییەک لەمبارەیەوە؛ هەرچەندە کەرتی پیشەسازی هەمیشە دەڵێت ئەوان منداڵان بەکارناهێنن و ریکلامیان بۆ ناکەن، بەڵام پێموایە کاتی ئەوە هاتووە تەنانەت پیشەسازەکانیش لەگەڵ دیاریکردنی تەمەن بن."
بەپێی هەڵوێستی پارتە سیاسییەکان و داواکاریی رێکخراوەکانی پاراستنی بەکارهێنەران، پێشبینی دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەڵمانیاش بچێتە ریزی ئەو وڵاتە ئەورووپییانەی کە فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە خوار تەمەن 16 ساڵ سنووردار یان بە تەواوی قەدەخە دەکەن.

