رووداو - تەندروستی
پسپۆڕی وردی شێرپەنجەکانی مەمک، هەناو و جگەر لە بەریتانیا باس لە دەرمانی نوێی شێرپەنجە دەکات و دەڵێت، ''دەرمانی نوێی دژەشێرپەنجە هەن و بەم زووانە دەخرێنە بازاڕەوە''.
د. محەممەد باقی، پسپۆڕی وردی شێرپەنجەکانی مەمک، هەرس و جگەر بە رووداوی راگەیاند، گواستنەوەی دەرمانی شێرپەنجە لە بەریتانیاوە بۆ کوردستان خەرجیی زۆرە و هەندێک دەرمانی نوێی شێرپەنجە هەن کە نرخیان 30 هەزار دۆلارە.
ئەوەش باس دەکات کە دەرمانێکی نوێی شێرپەنجە هەیە کە نرخی یەک مانگ بەکارهێنانی 30 هەزار دۆلارە؛ لەبارەی شێرپەنجەی کوشندەی پەنکریاسیشەوە گوتی: دەرمانی شێرپەنجەی پەنکریاس دۆزراوەتەوە، بەڵام نرخەکەی زۆر گرانە.
لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: لە بەریتانیا تووشبووانی شێرپەنجە گرفتی کەمی دەرمانیان نییە و نوێترین دەرمانەکانی شێرپەنجە بەردەستن.
هۆکارەکانی شێرپەنجە هەمەجۆرن و تاوەکو ئێستا دیار نییە کە هۆکاری 100% چییە، بەڵام بەپێی ئەو توێژینەوانەی کراون کۆمەڵێک هۆکار ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاد دەکەن، لەم بارەیەوە د. محەممەد باقی روونی دەکاتەوە کە لەگەڵ زیادبوونی تەمەن، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات و ئەوانەی لە ماڵباتەکانیان تووشبووی شێرپەنجە هەیە، زۆرترین مەترسییان لەسەرە.
لەبارەی جگەرەکێشانیشەوە گوتی کە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی سی و میزڵدان زیاترە.
لە جیهاندا باشترین رێگەی کەمکردنەوەی مەترسی لە شێرپەنجە، پشکنینی پێشوەختەیە بۆ زوودەستنیشانکردنی شێرپەنجە، لە کۆتاییدا د. محەممەد باقی گوتیشی ''حکومەتی بەریتانیا کار لەسەر پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە دەکات''. ئەوەش دەڵێت کە تاوەکو شێرپەنجە زوو دەستنیشان بکرێت، چارەسەری ئاسانتر دەبێت.


