رووداو - تەندروستی
پابەندبوون بە رێنوێنییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ کواڵیتیی هەوا، دەتوانێت ساڵانە ژیانی زیاتر لە 9 ملیۆن کەس لە وڵاتانی کەمداهات و مامناوەند رزگار بکات، هەروەها سوودی ئابووریی گەورەی دەبێت لە رێگەی کەمکردنەوەی نەخۆشییەکانەوە.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کامبریج لە بەریتانیا، دەریخستووە کە باشترکردنی کواڵیتیی هەوا و کەمکردنەوەی دوو مادەی پیسکەری سەرەکی (تەنۆلکەی وردی PM₂.₅ و دووانە ئۆکسیدی نایترۆجین NO₂) کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و ئابووریی وڵاتان دەبێت.
د. ئانالان ناڤاراتنام، توێژەری سەرەکی لە زانکۆی کامبریج رایگەیاند: "چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر باشترکردنی کواڵیتیی ژیان و کەمکردنەوەی مردنی پێشوەختە دەبێت. بۆ یەکەمجار توانیمان سوودە شاراوەکانی رێنوێنییەکانی پاکی هەوا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەسەر ئەو وڵاتانە بخەمڵێنین کە بەرزترین ئاستی پیسبوونی هەوایان هەیە''.
پیسبوونی هەوای دەرەوە گەورەترین هەڕەشەی ژینگەییە بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ لە جیهاندا و پەیوەستکراوە بە زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان، جەڵتەی دڵ و مێشک، تەنگەنەفەسی و لەبیرچوونەوە.
توێژینەوەکە کە لە 136 وڵاتی کەمداهات و مامناوەند ئەنجامدراوە، دەریدەخات کە:
پابەندبوون بە رێنوێنییەکان بۆ تەنۆلکەی وردی PM₂.₅ دەتوانێت رێگری لە 9.4 ملیۆن مردنی پێشوەختە بکات لە ساڵێکدا.
پابەندبوون بە رێنوێنییەکان بۆ دوانە ئۆکسیدی نایترۆجین (NO₂) دەتوانێت رێگری لە 1.1 ملیۆن مردنی پێشوەختە بکات.
جگە لە رزگارکردنی ژیانی ملیۆنان کەس، باشترکردنی کواڵیتیی هەوا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی درێژخایەن، لەوانە:
2.8 ملیۆن حاڵەتی کەمتری نەخۆشیی درێژخایەنی سییەکان (COPD).
1.1 ملیۆن حاڵەتی کەمتری لەبیرچوونەوە (dementia).
7.3 ملیۆن حاڵەتی کەمتری نەخۆشییەکانی دڵ.
2.3 ملیۆن حاڵەتی کەمتری جەڵتەی مێشک.
.png&w=3840&q=75)


