رووداو - تەندروستی
لە هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە هەڵمەتی کوتان لە خانەی بەساڵاچووان بەڕێوەچوو، فەرمانبەران و بەساڵاچووان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی کوتران.
ئەمڕۆ سێشەممە 10-11-2026 د. بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ساڵانە بڕی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی بە دەستمان دەگات و لە هەموو بنکە تەندروستییەکان دابەشدەکرێت.
هەروەها بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر، دەڵێت "ساڵانە تیمەکانی ئێمە لە کاتی کوتانی ڤاکسین سەردانی چەند شوێنێک دەکەن وەک خانەی بەساڵاچووان، چونکە ناتوانن خۆیان بێن بۆ بنکە تەندروستییەکان. ئەم ڤاکسینە بۆ بەرگەری جەستەی بەساڵاچووان زۆر گرنگە".
د. نەریمان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی نەورۆز بە رووداوی راگەیاند، 450 هاونیشتمانی سەردانی بنکەی تەندروستی نەورۆزیان کردووە و ڤاکسینی ئەنفلەوەنزایان وەرگرتووە.
بەگوتەی د. نەریمان ئیسماعیل، رەنگە چەند نیشانەیەک پاش کووتان هەبێت وەک تا و ئازاری شوێنی ڤاکسینەکە. هەروەها، هەموو تەمەنێک دەتوانێت ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی وەربگرێت.


