رووداو دیجیتاڵ
لە چیرۆکێکی سەرکەوتندا، کە لە کەمپێکی پەنابەرانەوە دەستی پێکردووە و تا گەیشتووەتە یەکێک لە بەرزترین مەدالیاکانی نیوزیلاند؛ پارێزەری کورد و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ و راوێژکاری باڵای کۆمیسیۆنی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێز گەردی، مەدالیای شایستەیی نیوزیلاندی بە پلەی ئەندام وەرگرت. ئەمەش وەک رێزلێنانێکە بۆ خەبات و هەوڵەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پەنابەراندا.
رێز گەردی، کە وەک پەنابەرێک لەگەڵ خێزانەکەی گەیشتبووە نیوزیلاند، توانی رێگەیەکی ئەکادیمی و پیشەیی سەرکەوتوو بنیات بنێت. ئەو بووە یەکەمین پارێزەری کورد لە نیوزیلاند و یەکەمین کوردیش کە لە کۆلێژی یاسای زانکۆی هارڤارد دەرچووە. ئەو ساڵانێکە کارەکانی بۆ پاراستنی چینە لاوازەکان، پشتیوانیکردنی پەنابەران و بەشداریکردن لە بەهێزکردنی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا تەرخان کردووە.
ئەمڕۆ ئەم خەڵاتە شاهانەیە، داننانێکی فەرمییە بە گەشتێکی پڕ لە رەنج و دەستکەوتدا و پەیامێکی هیوایە بۆ هەر کەسێک کە بڕوای وایە سەختییەکان دەکرێت ببنە چیرۆکی سەرکەوتن.
بە کورتی، ئەم مەدالیای شایستەییەی نیوزیلاند تەنیا خەڵاتێک نییە، بەڵکو ئەندامێتییەکی فەرمییە لە سیستمێکی رێزلێنانی نیشتمانیدا کە رێز گەردی وەک ئەندام تێیدا دەستنیشان کراوە. بوون بە ئەندام لە سیستمێکی لەم شێوەیەدا، دەستکەوتێکە کە کەسایەتییەکی کەم لە جیهاندا دەتوانن پێی بگەن.
دەقی قسەکانی رووداو و رێز گەردی:
رووداو: رێزخان، زۆر بەخێربێیت، پیرۆزە ئەم خەڵات و ئەندامێتییەش.
رێز گەردی: زۆر سوپاس. "رۆژباش، گەلەک سوپاس". هەروەها سوپاس بۆ وشە جوانەکانت. مایەی خۆشحاڵییەکی زۆرە کە ئەمڕۆ لێرەم تاوەکو قسەت لەگەڵ بکەم.
رووداو: بەخێرهاتیت. وەرگرتنی ئەم خەڵاتە و بوون بە ئەندام لە سیستمی رێزلێنانی نیوزیلانددا، وەک ژنێکی کورد و وەک پەنابەرێکی پێشوو، بۆ تۆ چ مانایەک دەگەیەنێت؟
رێز گەردی: کاتێک وەک پەنابەرێک گەیشتمە نیوزیلاند، هەرگیز نەمدەتوانی خەیاڵی ئەوە بکەم کە رۆژێک لە کۆشکی حکومەتدا دەوەستم و بەرزترین خەڵاتی رێزلێنانی نیوزیلاند وەردەگرم. بۆ من، ئەمە ساتێکی پڕ لە شانازییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رەنگدانەوەی ئەو دەرفەتانەی سەلامەتی و دەستڕاگەیشتن بە خوێندنە کە وەک پەنابەرێکی نیشتەجێبووی نیوزیلاند توانیم بەدەستی بهێنم؛ هەروەها توانیم هەموو ئەو دەرفەتانە بەکاربهێنم نەک تەنیا بۆ بەرەوپێشبردنی ژیانی پیشەیی خۆم، بەڵکو بۆ یارمەتیدانی ئەو کۆمەڵگەیانەی لە دەوروبەرماندان و کارکردن لەپێناو بنیاتنانی جیهانێکی یەکسانتر و دادپەروەرتر. بۆیە بۆ من ئەمە ساتێکی لەڕادەبەدەر جێگەی شانازییە، بەڵام لەوەش گرنگتر، بیرخەرەوەی ئەو هێز و توانایەیە کە ئێمە وەک پەنابەران هەمانە بۆ گەیشتن بە خەونەکانمان، ئەگەر ژینگە و پاڵپشتیی گونجاومان بۆ دابین بکرێت.
رووداو: کاتێک ئەم خەڵات و ئەندامێتییە شایستەییەی نیوزیلاندت وەرگرت، یەکەمین بیرکردنەوە و یادگاری کە ئەو کاتە بە مێشکتدا هات چی بوو؟
رێز گەردی: بێگومان، یەکەم شت کە بە مێشکمدا هات ئەو شانازییە بوو کە کارەکانم بەم شێوەیە رێزیان لێ دەگیرێت و بەرز دەنرخێندرێن. بەڵام لەوەش گرنگتر، بیرکردنەوە بوو لەو خەبات، سەختی و ئەزموونانەی کە وەک پەنابەرێک هەمبوو؛ وەک کۆمەڵگەیەکی کوردیی چەوساوەی بێدەوڵەت کە ناچار کراین هەڵبێین؛ هەروەها بیرکردنەوە لەوەی لە کوێوە دەستمان پێکرد و گەیشتینە کوێ. بۆیە راستییەکەی، یەکەمین بیرکردنەوەکانم پەیوەستکردنی ئەو واقیعە بوو کە وەک منداڵێک هەمبوو؛ وەک پەنابەرێک کە لە کەمپێکی پەنابەران لە پاکستان گەورە بووم، بە هەموو ئەو نادادپەروەرییانەی کە وەک گەلی کورد رووبەڕوومان بووەتەوە و پاشان گرێدانی بەم ساتە قووڵەی کە بەم خەڵاتە رێزم لێ دەگیرێت.
راستییەکەی، ئەمە بۆ من ساتێک بوو بۆ تێڕامان لەوەی کە چەندە رێگەیەکی دوورم بڕیوە، هەروەها بیرکردنەوە لە هەموو ئەو کەسە پاڵپشتانەی لە دەوروبەرم بوون و ئەو دەرفەتانەی کە بۆم رەخساون تاوەکو لەگەڵ کۆمەڵگەکانی سەرتاسەری جیهاندا کار بکەم. کەواتە بابەتەکە تەنیا خودی خەڵاتەکە نییە، بەڵکو بۆ من پێزانینێکە بۆ ئەو کاریگەرییەی کە دەمویست هەبێت لە کارکردن لەپێناو دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤدا، لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو لێهاتوویی و دەرفەتانەی بۆ دروستکردنی جیهانێکی باشتر هەبوون. پێم وایە بابەتەکە لە خودی خەڵاتەکە گەورەترە و پەیوەندیی بەو مانایەوە هەیە کە چی دەگەیەنێت کاتێک پەنابەرێک بەم شێوەیە رێزی لێ دەگیرێت.
رووداو: ئێستا دیمەنی کاتی رێوڕەسمەکەش لەسەر شاشەی رووداو هەیە، تۆ بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریت لەم رێوڕەسمەدا کردووە و زۆر جوان و سەرنجڕاکێش دەرکەوتوویت. بەشداریکردنت بە جلوبەرگی کوردییەوە لەنێو ئەو هەموو بەشداربووەدا مەبەستت لێی چی بوو؟ دەتویست چ پەیامێک بگەیەنیت؟
رێز گەردی: وەک لە وێنەکەدا دەیبینیت، بەوپەڕی شانازییەوە جلی کوردیم پۆشیوە، چونکە دەمویست نوێنەرایەتیی ناسنامەکەم و ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووم و مێژوو و خەباتی گەلەکەم بکەم. کوردبوون جێگەی شانازییە، بەشێکە لە ناسنامەم و بەشێکە لە هۆکاری ئەوەی کە ئەو کارە دەکەم کە ئێستا دەیکەم. گەورەبوونم وەک کەسێک کە زۆر ئاگاداری مێژوو و ئەو نادادپەروەرییانەیە کە گەلی کورد چەشتوویەتی، هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بمەوێت بچمە ناو بواری یاساوە و هێزی یاسا و سیستمە یاساییەکان بەکاربهێنم بۆ خەباتکردن لەپێناو دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤدا. بۆیە ناسنامە کوردییەکەم چەقی کارەکانمە و ئەو هۆکارەیە کە وای کرد دەست بەم گەشتە بکەم.
سەرباری ئەوەش، لە وێنەکەدا دەبینیت کە کەوایەکم لەبەرکردووە. ئەم کەوایە پێی دەگوترێت "کۆرۆوای" (Korowai)، بە زمانی "ماوری" وای پێ دەڵێن، کە زمانی رەسەنی ئاوتێروای نیوزیلاندە. بۆ من زۆر گرنگ بوو رێز لە فەرهەنگی "ماوری" بگرم، چونکە ئەوان خەڵکی رەسەنی نیوزیلاندن. هەستم بە پەیوەندییەکی زۆر دەکرد لەنێوان فەرهەنگ و مێژووی ماوری و ئەو نەهامەتییانەی لە رابردوودا بەهۆی لەدەستدانی فەرهەنگ و لێسەندنەوەی زمانیانەوە چەشتوویانە، کە دەچێتەوە سەر هەندێک لەو واقیعانەی ئێمە وەک گەلی کورد ئەزموونمان کردوون. بۆ من تێکەڵکردنی ناسنامە کوردییەکەم لەگەڵ ناسنامەی ماوریی نیوزیلاندیدا زۆر گرنگ بوو بۆ تیشکخستنە سەر ئەو هاوپشتی و پێزانینەی کە خەڵکی رەسەنی نیوزیلاند رێگەیان پێ داین وەک پەنابەر لە وڵاتەکەیاندا بە سەلامەتی بژین.
رووداو: وەک دەزانیت خەڵاتکردن رێزلێنانە لەو کارانەی لە رابردوودا کراون، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەرپرسیارێتییە بۆ داهاتوو. دوای وەرگرتنی ئەم پلەیە و ئەم ئەندامێتییە، قۆناغی داهاتووی کارەکانت چی دەبێت؟
رێز گەردی: وەک بە دروستی ئاماژەت پێ کرد، رێزلێنان بەم شێوەیە هەم شانازییە و هەم بەرپرسیارێتیش. من رێزم لێ گیراوە بەهۆی کارەکانم لە بواری مافەکانی مرۆڤ و پەنابەران، هەروەها بەهۆی ئەو کاریگەرییەی هەمیشە تیشکم خستووەتە سەری. چەقی کارەکانی من دروستکردنی کاریگەری بووە لەسەر خەڵک و ئەو شێوازەی کە بتوانن بە کەرامەت و سەلامەتییەوە بژین.
بەشێک لەو بەرپرسیارێتییە ئەوەیە کە لەگەڵ ئەم خەڵاتەدا، لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا دەردەکەوم و دەناسرێم. دەمەوێت ئەو پلاتفۆرم و رێزلێنانانە بەکاربهێنم بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئەو کارەی کە دەیکەم. ئەرک و پەیامی من بەردەوامبوونە لەو کارە و بەکارهێنانی ئەو لێهاتوویی و دەرفەتانەی لە خزمەتی مافەکانی مرۆڤدا هەمە. بەردەوام دەبم لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی پەنابەران بۆ دڵنیابوون لە پاراستنیان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاوارەبوونی زۆرەملێ، تاوەکو پێکەوە هیوا بۆ ئەو ملیۆنان کەسە بونیات بنێینەوە کە ناچارن هەڵبێن.
رووداو: ئەم ئەندامێتییە بۆ چەند ساڵ بەردەوام دەبێت؟ هەروەها لەنێو چەند کەسدا تۆ هەڵبژێردرایت؟
رێز گەردی: بوون بە ئەندام لە "سیستمی رێزلێنانی شایستەیی نیوزیلاند" یەکێکە لە بەرزترین خەڵاتەکانی رێزلێنان. من لەلایەن حاکمی گشتییەوە بە نوێنەرایەتیی خاوەنشکۆ پاشا چارلزی سێیەم وەرمگرت. ئەم سیستمە بەشێکە لە مێژووی نیوزیلاند و وەک سیستمی رێزلێنانی شانشینی یەکگرتوو، ئوسترالیا و کەنەدا وایە.
ئەمە ئەندامێتییەکی هەمیشەییە و بۆ تەواوی تەمەنە. لە کاتی رێوڕەسمەکەدا، نزیکەی پێنج کەسی دیکەش خەڵات کران. ئەمە رێزلێنانێکی ساڵانەیە؛ خەڵک دەتوانن ئەو کەسانە بەربژێر بکەن کە کاریگەریی گەورەیان دروست کردووە، پاشان لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند بڕیار لەسەر پەسەندکردنیان دەدرێت. هەموو ساڵێک تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم و دیاریکراو ئەم خەڵاتە وەردەگرن. پرۆسەی بەربژێرکردنەکەشی تا رادەیەک ئاڵۆز و قورسە، تۆ ناتوانیت خۆت بەربژێر بکەیت، بۆیە زۆر سوپاسگوزارم کە کەسانێک هەبوون منیان بەربژێر کرد.
رووداو: رەوشی رەوەندی کوردستانی لە نیوزیلاند چۆنە؟ تا چەندێک چالاک و کاریگەرن؟
رێز گەردی: ئێمە کۆمەڵگەیەکی بچووکی کوردی بەڵام چالاکمان لە نیوزیلاند هەیە کە لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە هاتوون. ژمارە دروستەکە نازانم، چونکە سەرژمێرییەکان پشت بەوە دەبەستن خەڵک چۆن خۆیان پێناسە دەکەن (هەندێک ناوی ئەو دەوڵەتە دەنووسن کە لێیەوە هاتوون)، بەڵام پێم وایە زیاتر لە 1500 کەسین و لەوانەیە ئێستا زیاتریش بن. کۆمەڵگەی کوردی لە نیوزیلاند بەردەوام بۆ ئاهەنگی فەرهەنگی و نەورۆز کۆدەبنەوە. هەروەها لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بۆ پاڵپشتیکردن لە مافەکانی مرۆڤ زۆر چالاکن. زۆرینەی کوردەکان لە شاری ئۆکلاند و وێلینگتۆن نیشتەجێن، هەروەها لە کرایستچێرچیش کۆمەڵگەی کوردی هەیە.



.jpg&w=3840&q=75)