رووداو دیجیتاڵ
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گۆڕانکاری لە سێ پۆستی وەزارەتی دارایی دەکات کە یەکێکیان بریکاری وەزارەتەکەیە، بە گوتەی پەرلەمانتارێک ئەو پۆستە پشکی کورد بووە و دراوەتە پێکهاتەی عەرەب.
بڕیاری ئەو گۆڕانکارییانە کە لە سێ پۆستە، رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026 بە واژۆی ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەرچووە و تێیدا هاتووە کە عەلی فالح زەیدی بڕیاری ئەو گۆڕانکارییانەی داوە.
بەگوێرەی نووسراوەکە: لە بڕیارەکەدا هاتووە کە عەلی جاسم حوسێن دەکرێتە بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی پشکی کوردە و عەلی فەتلاوی کە عەرەبە وەریگرتووە، ئەو گۆڕانکارییە بێ سازانی سیاسی کراوە و ئاگاداری ئەو گۆڕانکارییە نەبووین."
لە شوباتی 2025دا رێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە کە لەسەر پشکی پارتی ئەو پۆستەی وەرگرتبوو.
بەگوێرەی بڕیارەکانی دیکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ماهر حوسێن لە پۆستی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی لادراوە و کراوەتە راوێژکار لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق.
بڕیاری سێیەم ئەوەیە، زەید شاکر عەتار لە پۆستی راوێژکار لە وەزارەتی دارایی عێراق لادەدرێت و عەبدولحوسێن جەمال عەبدوڵڵا دەخرێتە جێگەی، کە پێشتر راوێژکار بووە لە دامەزراوەی شەهیدان.




