رووداو - دیجیتاڵ
رافیدی باوکی روقیە، وێنەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی خستووەتە سەر سنگی و بە گریانەوە باس لەو 9 رۆژە
دەکات کە خەڵکی کوردستان بۆ دۆزینەوەی تەرمی کچەکەی لە ئاوی زەڵمدا، خۆیان
خستە مەترسییەوە. سەیرانەکەی روقییەی 11 ساڵان بۆ هەڵەبجە کە دیاریی سەرکەوتنی
بوو لە قوتابخانە، بوو بە کارەساتێکی مێژوویی کە ئێستا کەربەلا و هەڵەبجەی بە
وەفایەکی بێ وێنە بەیەکەوە گرێداوە.
روقیە تەنیا ویستی لەبەرانبەر ناجحبوونی لە قوتابخانە، گەشتێکی کوردستان بکات،
بەڵام نەیدەزانی ئەمە کۆتا گەشتی ژیانی دەبێت. ڕافیدی باوکی، بە گریانەوە ئەو
ساتانە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "گوتی باوکە بمانبە دەرەوە، پشووە و من لە قەتابخانە سەرکەوتم
چیم بۆ دەکەی؟ گوتم بەسەرچاو دەتانبەمە دەرەوە بۆ کوێ بتانەوێت، گوتیان بمانبە
کوردستان. ئەو دیمەنەی هەرگیز لەبەرچاوم ون نابێت، هەڵوێستی خەڵکی هەڵەبجەیە؛
خۆیان دەکردە قوربانی و بۆ دۆزینەوەی کچەکەم رووبەڕووی مردن دەبوونەوە."
دیمەنی بەهاناوەچوونی خەڵکی هەڵەبجە و تیمەکانی مەلەوانی بۆ ئەو خێزانە کەربەلاییە، بۆ
ماوەی 9 رۆژ بەبێ پشوودان، تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە عێراق تەنی. وەفایەک کە
تێیدا خەڵکی ناوچەکە ماڵ و دڵیان بۆ بیانییەکان کردەوە تاوەکو تەرمی منداڵەکەیان لە
ئاوی زەڵم دۆزییەوە.
خالید موحسین، کە یەکێکە لە خزمە نزیکەکانی روقیە و لە کاتی گەڕانەکەدا ئامادە
بوو، باس لەو میواندارییە دەکات و دەڵێت: "رێزی خەڵکەکە ئەو دیمەنەیە کە هەرگیز
لەبیرم ناچێت، چونکە رێزی ئەو پیاوە بیانی و تەنیایەیان گرت و بەتەنها جێیان
نەهێشت. سوێند بەخوا لەبیرناکرێت و لە مێژوودا تۆمار دەکرێت. رێز و سوپاسم بۆ
سلێمانی و هەموو کورد هەیە."
ئەم کارەساتە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی فەرمی لێکەوتەوە؛ پارێزگاری کەربەلا بۆ
بەرزڕاگرتنی ئەو هەڵوێستە مرۆییەی خەڵکی هەڵەبجە، بڕیاریدا ناوی یەکێک لە شەقامە
سەرەکییەکانی کەربەلا بکاتە "هەڵەبجە". ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ قووڵایی پەیوەندیی
نێوان هەردوو پارێزگاکە و سوپاسگوزارییەک بۆ هاوخەمیی کورد.
ئێستا لە ماڵی روقیە لە کەربەلا، پرسەیە، بەڵام باوکی کچەکە تەنیا باس لە ئازاری
لەدەستدانی جگەرگۆشەکەی ناکات، بەڵکو بە شانازییەوە باس لە "جوامێری و بەنەردی"
خەڵکی هەڵەبجە دەکات. ئەو دەڵێت وەفای هەڵەبجەیییەکان بۆ هەمیشە لە دڵیدا
دەمێنێتەوە و بەڵێنی داوە دوای تەواوبوونی پرسەکە، جارێکی دیکە سەردانی ئەو
پارێزگایە بکاتەوە تاوەکو سوپاسگوزاریی خۆی بە فەرمی بە خەڵکەکە رابگەیەنێت.



