رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی و گوتەبێژی بانکەکە لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی، یەدەگی دراوی عێراق دوای ئەوەی بەهۆی جەنگ و داخرانی تەنگەی هورمزەوە بۆ 73 ملیار دۆلار دابەزی، ئێستا گەیشتووەتە 80 ملیار دۆلار؛ باس لەوەش دەکات کە ناردنی دۆلاری کاش لە ئەمریکاوە ئاسایی بووەتەوە و بەم نزیکانە چەندین گوژمەی 500 ملیۆن دۆلاری دەگەنە بەغدا.
رۆژی یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، مەحموود داغر، راوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی و گوتەبێژی بانکەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ عێراق بە قۆناخێکی زۆر سەختدا تێپەڕی، بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ و داخرانی تەنگەی هورمز. لە مانگەکانی ئادار، نیسان، ئایار و حوزەیراندا هیچ بارێکی نەوت بە تەنگەی هورمزدا نەدەگوازرایەوە و هەناردەکردن بەتەواوی پەکیکەوت، ئەمەش وایکرد یەدەگی دراوی بیانیی عێراق لە 109 ملیار دۆلارەوە بۆ 73 ملیار دۆلار لە مانگی ئابدا داببەزێ."
داهاتی نەوت نزیکبووەتەوە لە شەش ملیار
داغر روونیکردەوە کە دوای مانگی تەممووز ئاماژەی کرانەوە دەرکەوت و لە مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا دۆخەکە زۆر باش بوو، بە جۆرێک ئێستا داهاتی نەوتی عێراق مانگانە نزیک دەبێتەوە لە 6 ملیار دۆلار و رایگەیاند: "بەهۆی ئەم داهاتەوە، یەدەگی دراو دەستی بە زیادبوون کردووە و لە 73 ملیار دۆلارەوە ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 80 ملیار دۆلار. ئەم یەدەگە کە پێکهاتووە لە دراوی بیانی، سپاردەکان و زێڕ، بە هەموو پێوەرە ئابوورییەکان بەسە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ژیان و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی هاوردەکردن."
سەبارەت بە یەدەگی زێڕیش گوتی: "یەدەگی زێڕی عێراق هیچ دەستکارییەکی نەکراوە و پارێزراوە. بەهای زێڕەکە وەک خۆی لەلای بانکی ناوەندی ماوەتەوە"، کە یەدەگەکە زیاتر لە 174 تۆنە.
لەبارەی بەردەوامیی هاتنی دۆلاری نەختینە لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە، گوتەبێژی بانکی ناوەندی ئاشکرای کرد کە پێشتر بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە پرۆسەکە راگیرابوو و گوتی: "لە کاتی گەورەبوونی جەنگەکەدا بەهۆی ئەوەی درۆنەکان هێرشیان دەکردە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و کێشەی ئەمنی هەبوو، زۆر ئەستەم بوو گوژمەی دۆلار بگەیێندرێتە عێراق، بۆیە هێنانی دۆلاری نەختینە بۆ ماوەیەک وەستا و پشکی گەشتیارانیشمان لە 6 جارەوە بۆ تەنیا 2 جار لە ساڵێکدا کەمکردەوە."
دۆلاری کاش و لابردنی سفرەکان
مەحموود داغر رایگەیاند، دوو مانگە گەیشتنی دۆلاری کاش دەستیپێکردووەتەوە و لەبەر ئەوەش پشکی گەشتیاران جارێکی دیکە بۆ 6 جار لە ساڵێکدا بەرزکراوەتەوە؛ هەروەها گوتی: "قەبارەی هەر گوژمەیەک نزیکەی نیو ملیار دۆلارە و پێشبینی دەکەین لە ماوەی یەک هەفتەدا گوژمەی نوێ بگاتە عێراق و دوای ئەویش بە ماوەیەکی کەم، دوو بۆ سێ گوژمەی دیکە بگات. ئێستا دۆلاری کاش زۆر زیاتر لە پێشوو بەردەستە، بەڵام ئەمە بەندە بە سەقامگیریی ناوچەکە، چونکە نائارامی مەترسیی راستەقینە لەسەر گەیشتنی پارەکە دروست دەکات."
لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا لە بازاڕەکاندا دوای دەستکاریکردنی بەهای دینار، راوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی دانی بەوەدانا کە بڕیارەکە راستەوخۆ کاریگەریی هەڵاوسانی لەسەر بازاڕ دروستکردووە، بەڵام چەند رێکارێکی فریاگوزاری گیراونەتەبەر و گوتی: "بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی دارایی و بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران، چەند هەنگاوێک نراون بۆ کەمکردنەوەی باری گرانی لەسەر چینی هەژار و کەمدەرامەت. لەوانە، زیادکردنی خستنەڕووی کەلوپەلی بنەڕەتی، دابەشکردنی بڕێکی زۆری سەبەتەی خۆراک بەسەر هاووڵاتییاندا لە ئایندەیەکی زۆر نزیک، بووژاندنەوەی سیستمەکانی پاڵپشتیی حکومەت تاوەکو هاووڵاتییان کەمترین زیانیان پێبگات."
ئەوەشی خستەڕوو کە لە رووی سیاسەتی نەختینەییەوە "بانکی ناوەندی ئاسانکاری و هاندانی تەواو پێشکێشی بازرگانان و هاوردەکاران دەکات، بۆ ئەوەی بڕێکی زیاتری کەلوپەل و کاڵا هاوردەی وڵات بکەن، چونکە بە زیادبوونی خستنەڕوو لە بازاڕدا، نرخ دادەبەزێ و هەڵاوسان کۆنترۆڵ دەکرێت."
سەبارەت بە بیرۆکەی سڕینەوە و لابردنی سفرەکان لەسەر دراوی عێراقی، راوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی لەوە کرد "تاوەکو ئێستا ئەمە تەنیا پرۆژەیەکە و تەواوی بنەما و لێکۆڵینەوەکانی تەواو نەبوون و کاتی پێویستە."
راشیگەیاند، بەهۆی دۆخی نائارامی ناوچەکەوە تەنگەی هورمز کێشەی بۆ دروست بووە، داهاتی نەوت کەمی کردووە و کورتهێنان لە بودجەدا هەیە، ئەم گۆڕانکارییە ناگونجێت و جێبەجێکردنی خێرای بۆ ناکرێ، هەرچەندە لێکۆڵینەوە و کارکردن لەسەر پرۆژەکە لە بانکی ناوەندی بەردەوامە.


