رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، دادگە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەرپرسێکی پێشووی بەشی ژمێریاریی پارێزگای سەلاحەدین دەرکردووە، ئەوەش بە تۆمەتی بردنی نزیکەی سێ ملیار دینار کە بۆ سووتەمەنیی مۆلیدەکان تەرخان کرابوو.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی یەکشەممە (25ی تشرینی یەکەمی 2026) بڵاویکردەوە: "تیمەکانی لێکۆڵینەوە ئەنجامی وردبینییەکانیان خستەڕوو کە تێیدا دەرکەوتووە ئەو بەرپرسە بڕی دوو ملیار و 975 ملیۆن دیناری بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکارهێناوە. تۆمەتبارەکە بەناوی ئەوەی پارێزگار پێی سپاردووە، پارەکەی لە لیژنەی کڕینی سووتەمەنی وەرگرتووە و دواتر رەتی کردووەتەوە بیگەڕێنێتەوە".
ئێستا تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی (316) لە یاسای سزادانی عێراقی داواکراوە.
هاوکات لەسەر دۆسیەیەکی دیکەی گەندەڵی لە فەرمانگەی تەندروستیی سەلاحەدین، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە بڕێکی زۆر پارە لە کڕینی ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی خوورماتوو بەهەدەردراوە، لە کاتێکدا نەخۆشخانەکە پێویستی بەو ئامێرانە نەبووە و بەبێ بەکارهێنان لە کۆگاکاندا جێهێڵدراون.
بەپێی دەستپاکیی عێراق، ئەو ئامێرانەی کڕدراون بریتین لە پێنج ئامێری هێڵکاریی دڵ، یەک ئامێری تاقیگەیی و سێ ئامێری (سەنتەرفیوج).
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە بۆ دیاریکردنی هەموو ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون و زیانیان بە سامانی گشتی گەیاندووە.

.png&w=3840&q=75)
