رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق دەڵێ، ئەو زانیارییانەی باس لە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید دەکەن دروست نین.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، رۆژی یەکشەممە(25ـی تشرینی یەکەمی2026) بە رووداوی راگەیاند: "ئەو خشتەیەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبووەتەوە و باس لە بەخشینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید لە باجی گومرگی دەکات، پەیوەندی بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە هەیە کە ئێستا کاری پێناکرێ و هیچ بنەمایەکی یاسایی نەماوە."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ گوتی، وەرگرتنی باجی گومرگی تەنیا بەپێی ئەو یاسا و رێنماییە نوێیانە دەبێت کە ئێستا لە دەروازەکاندا جێبەجێ دەکرێن؛ گوتیشی: "پابەندین بەو یاسایانەی لە لایەن لایەنە تایبەتمەندەکانەوە پەسندکراون بۆ ئەوەی پڕۆسەی وەرگرتنی باج بە شێوەیەکی یەکگرتوو و روون بێت."
سامر قاسم داود داوای لە بازرگان، هاوردەکار و هاووڵاتییان کرد، کە تەنیا پشت بە زانیارییە فەرمییەکان ببەستن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی خشتە و بڕیارە کۆنەکان بەدوور بگرن، تاوەکو لە ناوەندە گومرگییەکاندا تووشی کێشە نەبن.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە روونکردنەوەی تەواوی رێکارەکان تاوەکو شەفافییەت هەبێت و مافی دەوڵەت و هاووڵاتییانیش پارێزراو بێت".
حکومەتی عێراق پێشتر بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە، کۆمەڵێک لێخۆشبوونی گومرگیی بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید دیاریکرد، بەڵام لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چاکسازیی دارایی، زۆربەی ئەو لێخۆشبوونانە هەڵوەشێندرانەوە.
ئێستا بەپێی رێنماییە نوێیەکان، هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک دەبێت باجی گومرگیی دیاریکراوی خۆی بدات کە 15٪یە.
.png&w=3840&q=75)

