رووداو دیجیتاڵ
دوای 12 ساڵ لە ئاوارەیی و دوورکەوتنەوە لە زێدی باووباپیرانیان،
فازڵی تەمەن 74 ساڵ کە خەڵکی گوندی مەحموودیەی سەر بە ناحیەی رەبیعەیە، گەڕایەوە
وارگەی خۆی. گوندەکەیان لە کاتی شەڕی چەکدارانی داعشدا ببووە ناوەندی گەرمیی شەڕ و
بە ناچاری چۆڵیان کردبوو.
دانیشتووانە گەڕاوەکان عەرەبی گوندەکانی قاهیرە، مەحموودیە، جەدریە و
سعوودیەی سەر بە ناحیەی رەبیعەن. لە رێوڕەسمێکدا وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی
کوردستان پێشوازی لە گەڕانەوەیان کرد.
پێشوازی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ
پشتیوانیکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەربڕی و جەختی لە
ئاسانکاریکردن بۆ نیشتەجێبوونەوەیان کردەوە.
ژێرخانی ئەو گوندانە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە و ئۆتۆمبێل و خانوو و
بیناکانیان کاول بوونە، بۆ ئەم مەبەستەش پارێزگای نەینەوا لیژنەیەکی تایبەتی بۆ
قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهێناوە.
لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە پێکهێنراوە
غەزوان داودی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند: " کە
کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەکرێت تاوەکو
دانیشتووانەکەی بتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە".
ئەم چوار گوندە لەژێر ئەمنییەت و پاراستنی هێزەکانی پێشمەرگەدان. بە کۆی گشتی ژمارەیان زیاتر لە
هەزار خێزان دەبێت کە زۆربەیان لەم ساڵانەی دواییدا ئاوارەی پارێزگاکانی دهۆک و
نەینەوا ببوون.


