رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی تۆڕێکی شەش کەسی راگەیاند، کە لەڕێگەی ساختەکردنی مامەڵەی گومرگییەوە حەواڵەی دارایی بە بەهای 150 ملیار دینار بۆ دەرەوەی عێراق کردووە. لەنێو دەستگیرکراوەکانیشدا بەڕێوەبەری لقی بانکێکی تایبەت هەیە.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، دوای دەستکەوتنی زانیاریی هەواڵگریی ورد سەبارەت بە "تۆڕێکی مەترسیدار" کە کاریان دەستکاریکردن و ساختەکردنی مامەڵە گومرگییەکان بووە بۆ حەواڵەی گەورەی دراوی بیانی بۆ دەرەوەی عێراق، تیمێکی لێکۆڵینەوە بە سەرپەرشتیی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ پێکهێنراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای بەدواداچوونی بەردەوام، ماڵێک لە پارێزگای بەسڕە دەستنیشان کرا، کە تۆڕەکە ماڵەکەی وەک بنکەیەک بۆ رێکخستنی مامەڵە ساختەکان دوور لە چاوی دەزگا ئەمنی و چاودێرییەکان بەکاردەهێنا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانرا هەموو ئەندامانی تۆڕەکە کە لە شەش کەس پێکهاتوون دەستگیر بکرێن."
دەستگیرکراوەکان بریتین لە بەڕێوەبەری لقی بانکێکی ئەهلی و فەرمانبەرێکی دەستەی گشتیی گومرگ، لەگەڵ ژمارەیەک لە پاکتاوکەرانی گومرگی، کە لە رێگەی پێشکێشکردنی بەڵگەنامە و پەڕاوی ساختە، دەستکاریی سیستمی حەواڵەی دارایی و زانیارییەکانی دەربازکردنی گومرگییان کردووە .
ئاژانسی هەواڵگری روونیکردووەتەوە: "تۆمەتباران لە بەرامبەر بەدەستهێنانی قازانجی مادیدا، بەڵگەنامە و زانیارییەکانیان شێواندووە و وەسفی کاڵاکانیان گۆڕیوە، تاوەکو پرۆسەی حەواڵەکردنی دارایی بە قەبارەی 150 ملیار دیناری عێراقی بە دراوی بیانی بۆ سوودی چەند کۆمپانیایەکی بازرگانی تەواو بکەن، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە ئابووریی نیشتمانی گەیاندووە."
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، گوتەی سەرجەم تۆمەتباران وەرگیراوە و بە ئاشکرا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، دواتریش پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان رەوانەی دادگە کراوە بۆ ئەوەی بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.



