رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق جێگرەوەى پەرلەمانتارێکی دوورخراوە دیاری دەکات کە تۆمەتبارکرابوو بە گەندەڵى، هەروەها جێگرەوە بۆ پەرلەمانتارێکی دیکە یەکلایی دەکاتەوە کە بووەتە وەزیر.
بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کە 25ى تشرینی یەکەم دەریکردووە، محەممەد سەلمان ساڵح، وەک جێگرەوەى محەممەد کەربوولی دیاریکراوە، کە پێشتر پەرلەمانتار بووە و دوورخراوەتەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانەى لە دادگا بڕیارى کۆتایی سزاکانیان وەردەگرن، جێگرەوەیان بۆ دیاری دەکرێت.
محەممەد کەربوولى ئەندامى پێشووى پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنى عەزم یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەى لە هەڵمەتێکى دەزگا ئەمنییەکانى عێراق بە تۆمەتى گەندەڵى لە 28ى حوزەیرانى ئەم ساڵ دەستگیرکرا.
محەممەد سەلمان ساڵح، کە دەچێتە جێگەى محەممەد کەربوولی، لە هەڵبژاردنى ساڵى 2025 لە بازنەى بەغدا لەسەر هەمان لیست 4290 دەنگى بەدەستهێناوە.
بەگوێرەى بڕیارێکى دیکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران، هەمان رۆژ دەریکردووە، لەتیف وەرشان، وەک جێگرەوەى نایف شەممەرى دیاری کراوە وەک ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە لە بازنەى نەینەوا 9945 دەنگى بەدەستهێناوە.
15ى تشرینی یەکەم نایف شەممەرى کە سەر بە هاوپەیمانیى حەسمی نیشتمانییە، بووە وەزیرى بەرگریی عێراق و لە پەرلەمان متمانەى وەرگرت.




