رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای نەینەوا کێشە و کەموکوڕی لە دۆسیەی 938 کەسی تایبەت بە قەرەبووی مادەی 140 هەیە؛ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەکەش داوا لە هاونیشتمانیان دەکات لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی نووسینگەکەیان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان.
بەگوێرەی ئەو لیستەی لەلایەن نووسینگەی نەینەوای لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق بڵاوکراوەتەوە و کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کێشە و کەموکوڕی لە مامەڵەی 938 کەسدا تۆمار کراوە. لیژنەکە داوا لە خاوەن مامەڵەکان دەکات لە ماوەی یەک هەفتەدا سەردانی نووسینگەی لیژنەکە بکەن لە نەینەوا، بە مەبەستی تەواوکردنی بەڵگەنامە و کەموکوڕییەکان.
لیژنەکە ئاماژەی بەوەکردوە، پێویستە ئەو کەسەی بۆ نەهێشتنی کەموکوڕییەکان سەردانیان دەکات، خاوەن مامەڵەکە خۆی یان کەسێکی نزیکی پلەیەک بێت و نابێت کەسانی دیکە بۆ راییکردنی کارەکان بنێردرێن.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسانە کەموکوڕی لە بەڵگەنامە و دۆسیەکانیاندا هەیە، بۆیە داوایان لێکراوە بە زووترین کات سەردانی نووسینگەی مادەی 140 لە نەینەوا بکەن؛ ئەمەش لە پێناو ئەوەیە کاتێک پارەی پێویست بەردەست دەبێت، مامەڵەکانیان بە تەواوی ئامادە بێت و بەبێ گرفت قەرەبووە داراییەکەیان بۆ خەرج بکرێت."
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 هەزار مامەڵەی قەرەبووی مادەی 140 لە پارێزگای نەینەوا پێشکێش کراون. بەپێی رێنماییەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140، هەر خێزانێکی ئاوارە و راگوێزراو بڕی 10 ملیۆن دینار وەردەگرێت، لە بەرامبەردا بۆ هەر خێزانێکی عەرەبی هاوردە کە دەگەڕێتەوە ناوچەی خۆی، 20 ملیۆن دینار وەک قەرەبوو دیاریکراوە.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 بەهۆی پەلاماری چەکدارانی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا هەردوو نووسینگەی مادەی 140 داخران کە تایبەت بوون بە قەرەبووکردنەوەی راگوێزراوانی سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی عێراق، لە 23ـی حوزەیرانی 2024 بە فەرمی نووسینگەی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە پارێزگاکە کرایەوە و دەستی بە راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان کردەوە.



