رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی کەشناسی و چاودێریی بوومەلەرزەزانیی عێراق هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین دەدات کە لە ئێوارەی سبەی سێشەممەوە وڵات دەگرێتەوە و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت. هۆشداریش دەدات لە ئەگەری دروستبوونی لافاو.
رۆژی دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشانسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئێوارەی سبەی سێشەممەوە کاریگەریی حاڵەتێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا لەسەر عێراق دەستپێدەکات و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بە پچڕپچڕی دەمێنێتەوە.
گوتەبێژی کەشناسیی عێراق هۆشداری دەدات لە پێویستیی گرتنەبەری رێکاری پێشوەختە و دوورکەوتنەوە لە دۆڵ، شیو و ناوچە نزمەکان کە مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و لافاویان لێدەکرێت. لە درەنگانی شەودا شەپۆلەکە بە شێوەیەکی کەمتر و مامناوەند بەسەر شارەکانی دیکەی عێراقدا بڵاودەبێتەوە.
بەگوتەی عامر جابری، لە ئێوارەی چوارشەممەدا کاریگەریی شەپۆلەکە بەهێزتر دەبێت و بارانبارینی بەلێزمە دەستپێدەکات، کە لە هەندێک کاتدا بەخوڕ دەبێت و هەورەبرووسکە و باوبۆرانی لەگەڵدا دەبێت. هەروەها گوتیشی کە لە بەرەبەیانی پێنجشەممەدا هەورە باراناوییەکان بەسەر ناوچەکانی دیکەی وڵاتدا بڵاودەبنەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


