رووداو دیجیتاڵ
مستەفا محەممەداوی، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى مەیسان رایگەیاند کە پێویست ناکات فەرمانی دەستگیرکردنی دەربکرێت و خۆى دەچێتە بەردەم دادگە، ئەوە لەپاش ئەوەى کە بەهۆی لێدوانەکانیەوە لەبارەى داخستنى دەروازەى شەیب، لەسەر سکاڵایەکى سەرۆکوەزیران فەرمانی دەستگیرکردنی درا.
دووشەممە 26ى تشرینی یەکەمى 2026، مستەفا محەممەداوی روونکردنەوەیەکى لەبارەى ئەو کێشەیە بڵاوکردەوە کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆی دروستبووە.
سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى مەیسان دەڵێت: "پێویست بەوە ناکات فەرمان بە ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسان بدرێت فەرمانی دەستگیرکردنم جێبەجێ بکەن، لەبەر ئەوەى من تاوانکار نیم و لە یاساش دەرنەچووم، بەڵکو نوێنەری دەسەڵاتی یاسادانانم لە پارێزگای مەیسان و من پیاوی دەوڵەت کوڕی هوزێکی گەورە و رەسەنم و سەر بە لایەنێکی سیاسیی جیهادی رێزدارم"
دادگەی لێکۆڵینەوەی سێیەمی کەرخ، لەسەر سکاڵای نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، 25ى تشرینی یەکەم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ مستەفا محەممەداوی دەرکرد، سکاڵاکە لەسەر ئەوە بووە کە هەڕەشەی راگەیاندنی یاخیبوونی مەدەنی و داخستنی رێگاکانی کردووە، هاوکات سێ رۆژ مۆڵەتی داوەتە حکومەتی عێراق بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی "شەیب".
مستەفا محەممەداوی دەڵێت:" خۆم دەچم و لەبەردەم دادگە ئامادە دەبم لەسەر بنەمای متمانەی تەواوم بە دامەزراوەی دادوەری و دادوەرییەکەی و بڕوابوونم بە دۆسیەکەم و بەرگریکردن لە پارێزگاکەم."
لە 21ى تشرینی یەکەمەوە دەروازەى شەیب لە مەیسان لەگەڵ ئێران تاوەکو کاتێکی نادیار داخرا، حکومەتی عێراق رایگەیاند، داخستنەکە بەهۆی ئەوەبووە دەروازەکە لە رووی تەکنیکی و ئەلکترۆنییەوە ئامادە نەبووە. ئەو بڕیارە خۆپێشاندانی لەو پارێزگایە زۆرینە شیعەیە لێکەوتەوە.
مستەفا محەممەداوى، ئەندامى فراکسیۆنى هاوپەیمانى نەبنى-یە و بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 2025 بەربژێرى بزوتنەوەى سادیقوون بووە کە باڵى سیاسیى بزوتنەوەى عەسائیبی ئەهلی حەقە




.jpg&w=3840&q=75)