رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز لە مۆسکۆ رایگەیاند، عێراق پێشکەوتنی بەرچاوی لە وەبەرهێنانی گازی هاوەڵدا بەدەستهێناوە و رێژەی بەکارهێنانی ئەو گازەی لە کاتی دەرهێنانی نەوتدا دەسووتێندرا، لە 53%ـەوە بۆ نزیکەی 70% بەرزکراوەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری گاز، سەرۆکایەتیی شاندی عێراقی لە کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری گاز و هەشتەمین لوتکەی سەرکردەکانی کۆڕبەندەکە لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کرد.
عیزەت سابیر ئاماژەی بە گرنگیی بەشداریی کارای عێراق لەم لوتکەیەدا کرد بۆ بەهێزکردنی پێگەی وڵات لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی وزە و گوتی: "عێراق لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی لە پیشەسازیی گاز و وەبەرهێنانی نموونەیی لە سامانی نیشتمانیدا، تاوەکو هەنگاو بەرەو خۆبژێوی بنێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بریکاری وەزارەتی نەوت تیشکی خستە سەر ئەو دەستکەوتانەی عێراق لە کەمکردنەوەی سووتاندنی گازی هاوەڵ بەدەستیهێناوە و روونیکردەوە: "رێژەی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ لە نەوت لە 53% لە ساڵی 2022ـەوە بۆ نزیکەی 70% لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژە گرنگەکانی وەبەرهێنانی گاز لە کێڵگەکانی (حەلفایە، بەسڕە، فەیحا و ئەرتاوی) دەستیانپێکردووە یان لە جێبەجێکردندان، کە رۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پیشەسازیی ناوخۆیی، هاوکات دەبنە هۆی کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان.
عیزەت سابیر باسی لەوەش کرد، پرسی گاز لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی عێراقە بۆ ئەوەی کۆتایی بە پشتبەستن بە گازی هاوردەکراو بهێنرێت. راشیگەیاند، کۆبوونەوەکانی مۆسکۆ دەرفەتێکی لەبارن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ گەورە وڵاتانی بەرهەمهێنەر، بە مەبەستی ڕاکێشانی وەبەرهێنان و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ بۆ چارەسەرکردن و گواستنەوەی گاز.



.jpg&w=3840&q=75)