رووداو دیجیتاڵ
دادگەی لێکۆڵینەوەی سێیەمی کەرخ، لەسەر سکاڵای نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ مستەفا دعێر عەبدولحەسەن محەممەداوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان دەرکرد.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی دادگەکە کە لە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچووە، بڕیارەکە دوای ئەوە هاتووە کە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سکاڵای یاسایی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان تۆمارکردووە. سکاڵاکە لەسەر ئەوە بووە کە هەڕەشەی راگەیاندنی یاخیبوونی مەدەنی و داخستنی رێگاکانی کردووە، هاوکات سێ رۆژ مۆڵەتی داوەتە حکومەتی عێراق بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی "شەیب".
دادوەر لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە لەبەر رۆشنایی وتەکانی نوێنەری یاسایی سەرۆکوەزیران و بۆ سەلامەتیی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان، بڕیاردرا بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار "مستەفا دعێر عەبدولحەسەن محەممەداوی" بەپێی ماددەی 224 / بڕگەی دووەم لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو، هەروەها داواکاری گشتیش لە بڕیارەکە ئاگادار کراوەتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (26ی تشرینی یەکەمی 2026)، بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیران، فەرمانی کردووە بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان، لەسەر ئەو لێدوانانەی دوێنێ یەکشەممە دابوونی، کە هەڕەشەی راگەیاندنی یاخیبوونی کردبوو لە ئەگەری نەکردنەوەی دەروازەی شەیب، هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی دەستەواژەی نەشیاو.
رۆژی یەکشەممە مستەفا دعێر محەممەداوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان، تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتووی وەک مۆڵەت دایە حکومەتی عێراق تاوەکو دەروازەی سنووریی شەیب بکاتەوە.
محەمەداوی هۆشداری دابوو لەوەی نەکردنەوەی دەروازەکە لە ماوەی ئەو مۆڵەتە دیاریکراوەدا، رەنگە هانیان بدات بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پەرەسەندوو لەوانە راگەیاندنی یاخیبوونی مەدەنی و داخستنی رێگەکانی پارێزگاکە، بە ئامانجی دروستکردنی گوشار لەسەر دەسەڵاتدارانی بەغدا.
حوسێن مریانی، سەرۆکی لیژنەی بەرگری و حەشد و کار و لاوان و وەرزش لە ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، رۆژی دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "داخستنی دەروازەی شەیب زیانێکی زۆری بە خەڵکی مەیسان گەیاندووە، چونکە ئەم دەروازەیە شادەماری سەرەکی و سەرچاوەی هاتنەژوورەوەی زۆربەی کەلوپەل، کاڵا و خۆراکە بۆ نێو شاری عەمارە و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە." دەشڵێت: "ئەم داخستنە راستەوخۆ بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر جووڵەی ئابووری دروستکردووە."
سەبارەت بە پاساوەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی دەروازەکە، مریانی گوتی: "ئەگەر حکومەت تێبینی یان نیگەرانیی هەیە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەروازەکە یان کارمەندەکانی، یاخود ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەژموونی لایەن و گرووپی دەستڕۆیشتوو دەکەن بەسەریدا، ئێمە بە تەواوی لەگەڵ حکومەتداین بۆ سەپاندنی شکۆی دەوڵەت، بەڵام چارەسەر لە راستکردنەوەی رێڕەوەکە و مسۆگەرکردنی بەردەوامیی کارەکاندایە، نەک بە داخستنی تەواوەتیی دەروازەکە."
سەرۆکی لیژنەی بەرگری و حەشد لە ئەنجوومەنەکە داوای لە حکومەت کرد بەپەلە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکات و دەروازەکە بەپێی چوارچێوە فەرمییەکان بکاتەوە.
دەروازەی سنووریی شەیب، دەروازەیەکی سنووریی وشکانیی نێوان عێراق و ئێرانە لە ناحیەی موشەڕەح لە قەزای کەحلا لە پارێزگای مەیسان، رۆژانە سەدان بارهەڵگری پڕ لە کەلوپەل و کاڵا لە رێگەی ئەم دەروازەیەوە دەهاتنە نێو مەیسان، جگە لە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ سەردانی مەزارگەکان.
لەگەڵ لێدوانە تووندەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، رۆژی یەکشەممە ناڕەزایەتییەکان بۆ سەر شەقام گوازرانەوە و دەیان هاووڵاتی لە پارێزگای مەیسان رێگەی سەرەکیی بەرەو کۆمپانیا نەوتییەکانیان داخست، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە بڕیاری داخستنی دەروازەکە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بژێوی و بازاڕی ناوخۆیی دروستکردووە.
لە 20ی ئەم مانگەدا حکومەتی عێراق بڕیاری دا بە داخستنی دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران تاوەکو کاتێکی نادیار. ئەو بڕیارە دەستبەجێ ناڕەزایەتی وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیشی بەدوای خۆیدا هێنا، بەو پێیەی بەرپرسانی تاران رایانگەیاندبوو پێشوەختە لەلایەن بەغداوە لە بڕیارێکی لەو شێوەیە ئاگادار نەکراونەتەوە.



