رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لە دژی هەموارى یاسایەک تۆمار دەکات، کە بڕگەیەکی تایبەتە بە ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
سکاڵاکەی فالح سارِی، وەزیری دارایی عێراق لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، تێیدا داوا دەکات مادەیەک و دوو بڕگەی هەمواری یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسیی عێراق هەڵبوەشێنرێتەوە بەپاساوی ئەوەی نادەستوورییە.
یەکێک لەو بڕگانەی یاساکە کە تانەی لێدراوە ئاماژە بەوە دەکات، رێکارەکانی ئەو یاسایە زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام نابێت سوودمەندانی زیاتر لە شایستە و ئیمتیازێک وەربگرن، هەروەها وەزارەتی دارایی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە.
ئەم هەموارە لە ساڵی 2025 لە پەرلەمانی عێراق کرا و یەکێک لە گۆڕانکارییەکان ئەوە بووە، کە زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئیمتیازاتی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق بیانگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕگەیە بەپاساوی نەبوونی پارە جێبەجێ نەکراوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە لە خولی پێشوو ئەندامی لیژنەی شەهیدان بووە کاتێک هەموارەکە کراوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو سکاڵایە نادەستووری و نایاساییە و کاتێک یاساکە هەموار کراوەتەوە بۆ ئەوە بووە کە مافی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان وەک زیندانی سیاسیی عێراق بێت، بۆیە لە رێگەی دادگەی باڵای فیدراڵییەوە بەدواداچوون بۆ سکاڵاکە دەکەن بۆ ئەوەی رەت بكرێتەوە.
بەگوێرەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، مووچەی زیندانیانی سیاسی سێ ئەوەندەی کەمترین مووچەی خانەنشینی دەبێت کە لە یاسای خانەنشینیی عێراق بە 400 هەزار دینار دیاری کراوە.
پێنجشەممە 29ى تشرینى یەکەمى 2026 ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو سکاڵایەى وەزیرى دارایی عێراق بە پاساوى بارگرانى دارایییە لەسەر وەزارەتەکە و ئەوەى پەیوەندارە بە زیندانیانى سیاسیى هەرێمى کوردستان لە دوایین سەردانیاندا پێیان راگەیاندووە، کە پێشتر لە یاساکە لە ساڵى 2004 و دواتر لە هەموارى یەکەمى لە 2013دا ئەو بڕگەیە هەبووە و هەموارى یاساکە لە 2025 و دانانەوەى ئەو بڕگەیە بۆ دووپاتکردنەوە بووە و تەنیا دەستەواژەیەک زیاد کراوە کە وەزارەتى دارایی فیدڕاڵى بۆ ئەو پرسە هاوئاهەنگى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکات.
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق 29ى تشرینى یەکەمى دیاری کردووە بۆ یەکەم دانیشتنى تایبەت بەو سکاڵایە.
ئەحمەد مام رەسوول گوتی، لە رێگەى نوێنەرانى کورد لە بەغداوە هەوڵ دەدەن کە وەزیرى دارایی فیدراڵ ئەو سکاڵایەى بکشێنێتەوە.



