رووداو دیجیتاڵ
مستەفا عانی، وەزیرى بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لیژنەکانى چاودێریی سەر بە وەزارەتەکەیان بەر لە ماوەیەک کاراکراون، تەنانەت بەر لە گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاریش رۆژانە چاودێری بازاڕ دەکەن و خشتەی نرخەکانیان پێ دەگات.
لە 7ی تشرینی یەکەمەوە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ گۆڕینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار جێبەجێکرا و نرخى فەرمى 100 دۆلار لە 130 هەزارەوە کرایە 150 هەزار دینار و پێشنیبی دەکرێت کاریگەرى لەسەر بەرزبوونەوەى نرخى کاڵا هەبێت.
مستەفا عانی رایگەیاند، بە هاوکاری دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەکان و بەڕێوەبەرایەتیی بنبڕکردنی تاوانی رێکخراو و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی چاودێرى بازاڕ و نرخەکان دەکەن.
تاوەکو مانگى ئەیلوولى رابردوو کە بەر لە گۆڕینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار بوو، رێژەى هەوڵاسان لە عێراق 30.8% بووە.
وەزیرى بازرگانیی عێراق گوتى: "پاڵپشتیی حکومەت و وەزارەتی بازرگانی هەیە لە رێگەی بازاڕەکانی هایپەر مارکێت و کەمکردنەوەى نرخەکان بەشێوەیەکی رکابەریى لەپێناو شکاندنی ئەو چاوچنۆکییە بازرگانییەی کە بەبێ پاساو هەیە، حکومەت رێکاری گرتووەتەبەر و گومرگ و باجی راگرتووە کە هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، هەموو ئەو رێکارانە هەن و حکومەتیش چاودێریی دەکات لەپێناوى ئەوەى پارێزگاری لە سەقامگیریی بازاڕ و دەستبەربوونی کاڵا بکڕێت".
بەگوێرەى پێشنبییەکان بەهۆى گۆڕینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار، نرخى کاڵاکان لە نێوان 10% بۆ ٪13 بەرزدەبنەوە بەو پێیەى زۆرینەی کاڵا هاوردەکراوەکان بە دۆلار دەکڕدرێن.



