رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری رایدەگەیێنێت، پێنجشەممەی رابردوو گوژمەیەکی دۆلار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتە عێراق و سبەی گوژمەیەکی دیکەش دەگات. پێشبینیش دەکات بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "سبەی دووشەممە گوژمەیەکی دیکەی پارەی کاش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەگاتە عێراق، کە بڕەکەی زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارە."
سەبارەت بە نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا، محەممەد تەمیم ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو هەنگاوانەوە بەهای دۆلار بەجۆرێک دادەبەزێت کە زۆر نزیک دەبێتەوە لە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی. هۆکاری ئەمەشی بۆ پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان بەغدا و واشنتن گەڕاندەوە و گوتی: "پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەمریکا نایابن و بنەمای ئەو پەیوەندییەش لەسەر متمانە دامەزراوە."
بە گوتەی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ساڵانی رابردوودا ناردنی دۆلاری کاش لەلایەن ئەمریکاوە کەمبووبووەوە و ساڵانە لە سێ ملیار دۆلار کەمتر بوو، بەڵام بۆ ئەم دوو مانگە، واشنتن بڕیاریداوە سێ ملیار دۆلار رەوانەی عێراق بکات. گوژمەی یەکەم رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گەیشت، سبەینێش گوژمەی دووەم دەگات، کە هەر گوژمەیەک زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارە.
ئەو دۆلارە فرۆشی نەوتی عێراقە، پارەکەی دەچێتە بانکەکانی ئەمریکا، دواتر واشنتن پارەکەی رەوانەی بەغدای دەکات.
محەممەد تەمیم رایگەیاند، ئەو رێکارانەی لەلایەن حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراقەوە گیراونەتەبەر، هاوتەریب لەگەڵ زیادکردنی خستنەڕووی دۆلاری کاش لە بازاڕدا، بەهای دینار بەهێزتر دەکەن و جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ بۆ کەمترین ئاست دادەبەزێنن.
رۆژی یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، د. مەحموود داغر، راوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی و گوتەبێژی بانکەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کە لە هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە تێپەڕ ناکات، گوژمەی نوێی دۆلار لە ئەمریکاوە دەگات. ئامادەکارییەکانمان کردووە و حەواڵەی تەواوەتیی سیستمی سویفتمان کردووە. لە گوژمەکانی داهاتوودا بڕەکە دەگاتە سەرووی یەک ملیار دۆلار."



