رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیـی فیدراڵیی عێراق رایدەگەیێنێت، دادگەی تاوانەکانی دیالە سزای 30 ساڵ زیندانیکردنی بۆ فەرمانبەرێکی هەڵاتووی دیوانی پارێزگاکە دەرکرد، بە تۆمەتی بردن و بەهەدەردانی بڕەپارەیەک لە هەژماری فەرمیی پارێزگاکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (1ی تشرینی دووەمی 2026)، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دادگەی تاوانەکانی دیالە/ دەستەی یەکەم، سێ سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی 10 ساڵ بۆ هەر یەکێکیان (کە بەسەریەکەوە دەبنە 30 ساڵ) بەسەر تاوانباری هەڵاتوو، ئیمان عەزیز حوسێن، سەپاندووە کە فەرمانبەری بەشی ژمێریاری بووە لە دیوانی پارێزگای دیالە."
دەستەکە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "تاوانبار لە ساڵی 2024دا، بە هاوبەشی لەگەڵ چەند فەرمانبەرێکی دیکە، پارەی سێ چەکی راکێشراوی لەسەر هەژماری کارپێکردنی پارێزگاکە بردووە."
ئاماژە بەوەش کراوە: "هاوژینی تۆمەتبار، کە ئەویش تۆمەتبارێکی هەڵاتووە و وەک ژمێریار لە دیوانی پارێزگادا کاری کردووە، چەکەکانی نووسیوە و رادەستی ئەوی کردووە، ئەویش لە بەرامبەردا چەکەکانی لە بانک خەرج کردووە و پارەکەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی بردووە."
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، دەستەی دەستپاکی رایگەیاندووە: "دادگە گوێی لە گوتەی نوێنەری یاسایی بانکی رافیدەین گرتووە کە تێیدا خەرجکردنی پارەی چەکەکەی بۆ تۆمەتباری هەڵاتوو پشتڕاست کردووەتەوە؛ لەسەر ئەو بنەمایەش دادگە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکردووە و بڕیاری داوە بە دەستبەسەرداگرتنی گشت ماڵ و سامانە گوازراوە و نەگوازراوەکانی، هاوکات مافی فەرمانگە زیانلێکەوتووەکانیش پارێزراوە بۆ داواکردنی قەرەبوو لە دادگا مەدەنییەکاندا پاش وەرگرتنی پلەی کۆتایی لەلایەن بڕیارەکانەوە."



