رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی کەرکووک نرخی ئەمپێرێکی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی رابردوو بە 18 هەزار دینار دیاریکرد و هۆکارەکەشی بۆ کەمیی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی و گرانیی نرخی گازوایل دەگەڕێنێتەوە.
هاوڕێ زەنگەنە، بەرپرسی کارگێڕیی قایمقامیەتی کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بۆ سەرجەم گەڕەک و ناوچەکانی کەرکووک بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە 18 هەزار دینار جێگیرکرا."
بەرپرسی کارگێڕیی قایمقامییەتی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، چەند هۆکارێک لەپشت ئەم بەرزبوونەوەیەن، لەوانە خراپیی دۆخی کارەبای نیشتمانی و گرانیی گازوایل لە بازاڕی رەشدا، گوتیشی: "ئێستا بەرمیلێک گازوایل لە بازاڕدا گەیشتووەتە 280 هەزار دینار، ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی دارایی بۆ خاوەن موەلیدەکان دروستکردووە."
هاوڕێ زەنگەنە رەخنەی لە کەمبوونەوەی پشکی گازی حکومی گرت و روونیکردەوە: "کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەر کەیڤییەک تەنیا 20 لیتر گاز بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکات، کە ئەم بڕە بەشی تەنیا 109 کاژێر کارکردن دەکات لە مانگێکدا، لەکاتێکدا موەلیدەکان چەند هێندەی ئەو کاتە کاریان پێکراوە."
قایمقامییەتی کەرکووک خشتەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی تشرینی دووەم بەمشێوەیە راگەیاند: لە کاژێر 06:00ـی بەیانی تاوەکو 09:00ـی بەیانی، لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ تاوەکو 01:00ـی شەو.
بەرپرسی کارگێڕیی قایمقامییەت هۆشداری دایە خاوەن موەلیدەکان کە دەبێت پابەندی نرخ و کاتەکان بن و داواشی لە هاونیشتمانییان کرد لە کاتی هەر سەرپێچییەکدا سکاڵا تۆمار بکەن تاوەکو رێکاری یاسایی لە دژی سەرپێچیکاران بگرنەبەر.



