رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەرزیی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان، کە لە زۆربەی گەڕەکەکانی کەرکووک خۆپێشاندانی لێکەوتووەتەوە.
محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بانگەوازێکی ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کردوە، پشتبەست بە ماددەی (38/ یەکەم) لە پەیڕەوی ناوخۆی هەموارکراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەن دەکات بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە (نائاسایی).
بەپێی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکە کاژێر 10:00ی بەیانیی رۆژی دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026 لە هۆڵی فەرمیی ئەنجوومەن بەڕێوەدەچێت.
ئامانج لە سازدانی ئەو کۆبوونەوە بەپەلەیە، تاوتوێکردنی بەرزیی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکانە بۆ مانگی رابردوو، کە بارگرانیی بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە، لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە لەسەر هاووڵاتییانی کەرکووک.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بانگهێشتەکەیان بەدەستگەیشتوە، سبەی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن دەکەن، بۆ تاوتوێکردنی رێکاری پێویست لەبارەی نرخی مۆلیدە ئەهلییەکان، کە بەڕاستی بووەتە کێشەیەکی گەورە، باری سەرشانی خەڵکی کەرکووک قورس کردوە.
بەهۆی دیاریکردنی نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بە 18 هەزار دینار بۆ مانگی رابردوو، لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری کەرکووک هاووڵاتییان هاتوونەتە سەر شەقام و دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە.
مازن غەریب ، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری کەرکووک ، لە پەیامێکدا داوای لە سەرجەم فەرماندە و هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کرد کە پارێزەری گیانی خۆپێشاندەرانی مەدەنی بن لە هەموو گەڕەکەکانی شارەکەدا و گوتی: "ئەوان رۆڵەی ئەم شارەن و تەنیا داوای مافە سەرەتایی و رەواکانی خۆیان دەکەن."
هاوکات ئەو پەرلەمانتارە داواکارییەکی بەپەلە و خێرای ئاراستەی وەزارەتی نەوت و دامودەزگە پەیوەندیدارەکان کرد بەوەی بەزووترین کات بێنە سەرخەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، لە رێگەی گەیاندنی پشکی پێویستی گاز بۆ موەلیدە ئەهلییەکان، تاوەکو وەک خۆی دەڵێت: "چیدی هاووڵاتییانمان لە کەرکووک نەبنە قوربانی لەم بابەتەدا."
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، رۆژی یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە بووەتە 18 هەزار دینار، نزیکەی 60%ـی خەڵکی کەرکووک لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی رۆڵی هێزە ئەمنییەکان روونیکردەوە: "ئێمە چاودێریی دۆخەکە دەکەین و ناهێڵین گرژی و پشێوی دروستبێت. بابەتەکە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، بەڵکو تەنیا چاودێرییان دەکەین بۆ پاراستنی ئاسایش."
سەبارەت بەو شوێنانەی ناڕەزایەتییەکانیان تێدا دەستی پێکردووە، عامر شوانی گوتی: "خۆپێشاندانەکان لە زۆربەی گەڕەکەکانی شارەکەدان، لەوانەش: سەر رێگەی بەغدا، بەردەم بینای پارێزگا، گەڕەکی واست، بینای غاز، پەنجا عەلی و گەڕەکی ئەسرا و مەفقوودین."
ئەم ناڕەزایەتییانەی هاووڵاتییان دوای ئەوە دێن، هەر ئەمڕۆ هاوڕێ زەنگەنە، بەرپرسی کارگێڕیی قایمقامیەتی کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بۆ سەرجەم گەڕەک و ناوچەکانی کەرکووک بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە 18 هەزار دینار جێگیرکرا."
هەروەها قایمقامیەتی کەرکووک خشتەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی تشرینی دووەم بەمشێوەیە دیاریکرد: لە کاژێر 06:00ـی بەیانی تاوەکو 09:00ـی بەیانی، و لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ تاوەکو 01:00ـی شەو.


.webp&w=3840&q=75)
