رووداو دیجیتاڵ
محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ژمارەیەک زانیاریی گرنگی لەبارەی رەوشی دارایی، پشکی هەرێمی کوردستان، دۆلار و مووچەی ساڵی داهاتوو ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بەپێی ئەنجامی سەرژمێریی گشتی، 12.7٪ـە.
محەممەد تەمیم، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "عێراقییە" ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و گوتی: "پرۆسەی سەرژمێریی گشتی پشکی دیاریکراوی هەرێمی کوردستانی روونکردەوە، کە بەپێی داتاکانی سەرژمێری دەکاتە 12.7٪." گوتیشی: "پێویستە شەفافیەتی تەواو لە پرسی هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستاندا هەبێت."
سەبارەت بە بەهای دینار و رەوشی دۆلار، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند متمانەی ئەمریکا بە حکومەت زیادی کردووە، هەربۆیە واشنتن رازی بووە لە ماوەی ئەم دوو مانگەی کۆتایی ئەمساڵدا سێ ملیار دۆلاری کاش رەوانەی عێراق بکات.
تەمیم روونیکردەوە: "رۆژی پێنجشەممەی رابردوو یەکەم کاروانی دۆلاری کاش گەیشتە بەغدا و دووشەممەش کاروانی دووەم دەگات. بەم هەنگاوە نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب (رەش) دادەبەزێت و زۆر نزیک دەبێتەوە لە نرخی فەرمی، بە جۆرێک جیاوازییەکەیان لە دوو نمرە تێپەڕ ناکات. هاوکات پشکی دۆلاری کاشی گەشتیارانیش زیاد دەکرێت."
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی عێراق باسی لەوەش کرد کە پێش ساڵی 2021 ساڵانە 12 ملیار دۆلاری کاش دەهاتە عێراق، بەڵام لە دوای 2022ـەوە بەهۆی ترسی واشنتن لە بەقاچاخبردن کەمکرابووەوە بۆ کەمتر لە سێ ملیار دۆلار، ئێستاش ئامانجیان ئەوەیە بڕەکە بگەڕێننەوە بۆ 12 ملیار دۆلاری ساڵانە.
"مووچەی 2027 پارێزراوە"
لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و گرژییەکانی کەنداو، محەممەد تەمیم دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و گوتی: "تەنانەت ئەگەر گەرووی هورمز بەتەواوەتیش دابخرێت، هیچ دواکەوتنێک لە دابەشکردنی مووچەدا روونادات، و مووچەی ساڵی 2027 بەتەواوەتی مسۆگەر کراوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی وزاریی ئابووریی عێراق چەند زانیارییەکی دیکەی لەبارەی بودجە و دۆخی ئابووری خستەڕوو و گوتی: "نرخی بەرمیلێک نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەدا زۆر بە پارێزکارییەوە دادەنرێت و هیچ بڕیارێک بۆ هەڵگرتنی پاڵپشتی لەسەر نرخی سووتەمەنی نییە."
سەبارەت بە کەرتی کارەباش، محەممەد تەمیم گوتی: "تەرخانکراوی کەرتی کارەبا لە بودجەدا دەگاتە 37 تریلیۆن دینار."
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی عێراق ئاماژەی بە گەشەی دانیشتووانی عێراق کرد و گوتی: "رێژەی گەشەی دانیشتووان لە عێراق ساڵانە گەیشتووەتە 2.6٪ و ساڵانە ملیۆنێک و 350 هەزار منداڵ لەدایک دەبن، ئەمەش گوشارێکی گەورەی لەسەر خزمەتگوزارییەکان دروستکردووە."


.webp&w=3840&q=75)
